
خەڵکی ستەملێکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە ئاگربەستێکی دایمی و هەمیشەیی هەیە. شەڕی ماڵوێرانکەری غەززە کە هەتا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس، کە زیاتریان منداڵان و خەڵکی سڤیلن، شەڕی وێرانگەری لۆبنان کە بەهۆیەوە نزیک بە ٣ هەزار کەس کوژراون و پتر لە یەک ملیۆن و سێسەد هەزار کەس ئاوارە بوون، پێویستە دەستبەجێ کۆتاییان پێبێت.
سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبووسڕانیی تاران و دەوروبەر هاودەنگ لەگەڵ ڕێکخراوە کرێکاری و مرۆڤدۆستەکانی جیهان خوازیاری ئاگربەستی خێرا و کۆتایی هێنان بە شەڕ و گەمارۆی غەززە و چوونەدەری ئەرتەشی ئیسرائیل لە هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین و لوبنان و کۆتاییهێنان بە کێشمەکێشی نیزامی و هێرشی تۆڵەسەندنەوەی دەوڵەتەکانی ئێران و ئیسرائیلە.
چینی کرێکار، بزووتنەوەی کرێکاری و خەڵکی بێبەش، بەردەوام بوونەتە گۆشتی بەردەم تۆپی شەڕە ناوچەییەکان یان ململانێی دەسەڵاتە جیهانییەکان. ئەوان زۆرترین هەزینەی ئینسانی و ئابووری و سیاسییان داوە. شەڕ و کەشوهەوای شەڕ هیچ بەرژوەند و قازانجێکی کورتماوە و درێژماوەی بۆ ئێمە کرێکاران تێدا نییە. نە تەنیا بنەماڵەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش زیاتر دەکاتە قوربانی بەڵکوو دۆخی ژیانمان خراپتر دەکات و هەژاری و تاڵانکاریی سەروەت و سامانی گشتی زیاتر پەرەپێدەدات. سەرکوت و بێمافی بە بیانووی بارودۆخی شەڕ زیاتر بەسەرماندا دەسەپێت و لە هەمان کاتدا بوودجە و هەزینەی بواری نیزامی سەد هێندە زیاد دەکرێت.
بیرەوەری تاڵی شەڕی ئێران و عێراق لە بیری بەکۆمەڵی ئێمەی کرێکاراندا ماوە. لەبیرمان نەچووەتەوە کە لە کاتی شەڕدا چون هەموو ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە هەڵوەشێنرانەوە. کرێکارانی چالاکی سەربە سەندیکا و شۆرا سەربەخۆ کرێکارییەکان دەرکران، دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کران. هەزاران هەزار لاو کە زۆربەیان لە بنەماڵە کرێکارییەکان بوون بە بێ هیچ پاساوێکی یاسایی و ئینسانی ئێعدام کران. لەبیرمان نەچووەتەوە کە کرێکاران و ڕۆڵەی بنەماڵە کرێکارییەکان لە بەرەکانی شەڕدا گیانیان بەختکرد و هاوکات کرێکاران بارودۆخی بێمافیی داسەپاویان بە ناچار قەبووڵ کرد و هەرجۆرە ناڕەزایەتییەکیان بەرەوڕووی سەرکوت و ڕەشبگیری بووەوە. لەبیرمان نەچووەتەوە کە لەدوای شەڕ “دەورانی سازندگی” بە پشتیوانیی بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پارە و بە هێرشی بەرینی دەوڵەت و سەرمایەداران بۆسەر چینی کرێکار دەستیپێکرد و درێژەی بوو.
ئێمە وەک بەشێک لە بزووتنەوەی سەربەخۆی کرێکاری لە ئێران کە بەردەوام لەلایەن کرێکارانی وڵاتانی ترەوە لەئاستی نێونەتەوەییدا پشتیوانیمان لێکراوە، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە لە جەماوری کرێکار و زەحمەتکێش و ژێر ستەمی ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان پشتیوانی بکەین. هەر ڕادەیەک لە ناڕەزایەتیی ڕەوا و بێزاریی ئێمە کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراو بەرانبەر کردەوەی سەرکوتگەرانەی ناوخۆیی دەسەڵاتی ئێران یان سیاسەتە نێونەتەوەییەکانی ئەم ڕژیمە، ناتوانێ پاساو بێت بۆ سیاسەتی میلیتاریستیی حکوومەتی ئیسرائیل و بایەخ نەدان بە زیاتر لە ٧٥ ساڵ زوڵم و ستەم لە خەڵکی فەلەستین و کۆمەڵکوژیی یەک ساڵی ڕابردوو. لەڕاستیدا چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ مەسەلەی فەلەستین بە کردەوە بووەتە یەکێک لە گرنگترین پرسەکان بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
با بڵێین نا بۆ شەڕ. سیاسەتی شەڕخوازی و میلیتاریستی مەحکووم بکەین. وە بۆ بەرقەرارکردنی دادپەروەری، ئازادی و بەرابەری و ئاشتیی پایەدار و گشت پێداویستییەکانی تێبکۆشین.
نا بۆ شەڕ
بە هیوای بەرقەراربوونی دادپەروەری و ئاشتی لە سەرتاسەری جیهان
چارەی کرێکاران یەکگرتوویی و ڕێکخراوە
سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبووسڕانیی تاران و دەوروبەر
١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣