
لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی بەردەوام لەلایەن ترامپەوە بەمەبەستی تەسلیمبوون و ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە هەڕەشەی نیزامی و بۆمبارانی ناوەندە ئەتۆمی و ژێرخانە ئابوورییەکانی لێ دەکرێت، عەلی خامنەیی لە وتەکانیدا بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە بەئاشکرا نیگەرانیی خۆی لە ئاست سەرهەڵدانی ئاخێزی سەرتاسەریی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش نیشاندا. ئەو بە بیانووی هەڕەشەکانی ترامپ سەبارەت بە هێرشی نیزامی بۆسەر کۆماری ئیسلامی وتی: “ئەمریکا هەڕەشەی داگیرساندنی شەڕ دەکات، هەڵبەت من ئەگەری ئەوەش بە کەم دەزانم. ئەگەر ئەو کارە بکات بەدڵنیاییەوە زلـلەیەکی توند و زەربەیەکی قورستری بەردەکەوێت. بەڵام ئەگەر بیر لەوە بکەنەوە کە فیتنە لەناو وڵاتدا وەڕێ بخەن، ئەم میللەتە وەڵامیان دەدەنەوە. ئەم هەڵیت و پڵیتانە خامنەیی لە کاتکێدایە کە هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی بۆ نموونە لە بەرامبەر هێرشی نیزامیی ئیسرائیل لە ناوەوەی ئێراندا کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سپای پاسدارانی لەکار خست، نەیتوانیوە کاردانەوەیەکی بەرامبەر ئەنجام بدات و هێرشی تۆڵەسەندنەوەی “وەعدەی سادقی ٣”شی لەبیر خۆی بردەوە. کەوابوو کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر هێرشی نیزامیی ئەمریکادا ناتوانێ بەقسەی خۆیان “زەربەی بەرامبەر” لێ بدات.
بەڵام ئامانجی خامنەیی لەم قسانە، پەیوەنددانی پێشوەختەی هەر ئاخێز و ناڕەزایەتییەکی جەماوەری بە دەسەڵاتەکانی دیکەیە. ئەو دەیهەوێ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا لە بەرامبەر هەژاری و برسیەتی و ئەو ژیانە فەلاکەتبارەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەریانیدا سەپاندووە ناچار بە تەسلیمبوون و بێدەنگبوون بکات و لەم ڕێگەوە لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری، کە ئەگەری سەرهەڵدانیان زۆر لەسەرێیە، پاشگەزیان بکات. بێگومان لە بارودۆخێکدا کە قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئێران بەخێرایی لە حاڵی پەرەسەندندایە، وە لە کاتێکدا کە هەژاری و برسیەتی، بێکاری و گرانی، هاتنەخواری ڕۆژ لە دوای ڕۆژی بەهای دراوی ناوخۆیی، توانای کڕینی بۆ کرێکاران و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا نەهێشتووەتەوە، زۆر ئاساییە عەلی خامنەیی و ڕێبەریی سپای پاسداران، نیگەرانی سەرهەڵدانی ئاخێزی سەرتاسەری و داگیرسانی ئاگری شۆڕشێک بن کە بارگەوبنەی دەسەڵاتە گەندەڵەکەیان تێکەوەپێچێت.
خامنەیی لە بارودۆخێکدا ئیدیعای ئەوە دەکات کە “ئەگەر ئەمریکا هێرش بکات زەربەی بەرامبەری قورستر لە ئەمریکا دەدەن” و مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و جەماوەری وەگیانهاتوو لەم ڕژیمە سەرکوت دەکەن، کە حکوومەتی ئیسلامی لە لاوازترین و قەیراناویترین قۆناغی تەمەنیدایە. لەلایەکەوە بەرەوڕووی ئیفلاسی ئابوورییە، تا ئاستێک کە تەنانەت توانای پێدانی حقووقی کارمەندانی دەوڵەتی نییە و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ لێکبڵاوبوون و لەدەستدانی هێزە نیابەتییەکانی حیزبوڵڵا لە لۆبنان، حەماس و جهادی ئیسلامی لە فەلەستین، حەشدی شەعبی لە عێراق و بەتایبەت ڕووخان و لەدەستدانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سووریە بەرەوڕوو بووەتەوە. هەروەها لەماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا حوسییەکان بەهۆی بۆردومانی بەردەوامی ژێرخانی نیزامی و مووشەکی و پەیوەندییەکانیان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە یەکجار کەوتوونە ژێر فشارەوە. کەوابوو کۆماری ئیسلامی لە قەیراناوترین و لاوازترین قۆناغی تەمەنی نگریسی دایە و ناچار بە تەسلیمبوون و قبووڵکردنی هەموو مەرجەکانی ئەمریکایە. سەرانی ڕژیم بۆ تەبلیغاتی ناوخۆیی، لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، باس لە ئامادەبوون بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ دەکەن. بە تەسلیمبوونی ڕژێمی ئیسلامی، چ لە دانوستانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆدا، بەرپاکردنی جەنگ و بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، سەرەڕای فشاری حکوومەتی ئیسرائیل، بۆ ترامپ گرینگییەکی نامێنێت. بەڵام بەم حاڵەشەوە، هەم دەوڵەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەم کۆماری ئیسلامی پۆتانسیەلی ماجەراجوویی و داگیرساندنی شەڕیان هەیە.
بەڵام تەسلیم و “سازشی قارەمانانە”ی خامنەیی تەنیا تایبەت بە بواری ئەتۆمی نییە و هەروەک لە نامەکەی ترامپ بۆ خامنەییدا ئاماژەی پێکراوە، بواری مووشەک و درۆن و دەخاڵەت نەکردن لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و ڕاگرتنی پشتیوانی لە گرووپە ئیسلامییە تیرۆریستەکانیش لەخۆ دەگرێت. پەرەسەندنی “فشاری زۆرینەی گەمارۆکان” و هەڕەشەی دووبارەی ترامپ بە بۆمباران و ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فڕۆکەی بۆمب هاوێژی “بی ٢ سپیریت”، هەر هەموویان بۆ ئەوەیە ڕژیم ناچار بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ یان “ناڕاستەوخۆ” بکرێت. کە بە وتەی پزشکیان “ڕێبەری باڵا قبووڵی کردووە کە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دانوستان و وتووێژ درێژەی بێت”.
بێگومان هەڕەشەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە زەربەی بەرامبەری بەهێز و ڕۆیشتن بەرەو ئەتۆمی بوون و ئاشکراکردنی بەناو شارە مووشەکییەکان لە وەها بارودۆخێکدا تەنیا تەبلیغاتێکی بێبنەمایە و کەس بە جیددی وەریناگرێت. ئامانجی ئەوان پێکهێنانی بارودۆخێکە بۆ ئەوەی سازشەکەیان زۆر سەرشۆڕانە لەچاو نەدات و بە قەوڵی خۆیان “کەمێک عزەت بار” بێت. هەڵبەت ئەمریکا و دەسەڵاتە ڕۆژاواییەکانی دیکەش لە ئێستادا خوازیاری ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نین، بەڵکوو تەسلیمبوونی کۆماری ئیسلامی و دانوستانێکیان دەوێ کە تێیدا هەموو مەرجەکانی خۆیان بەسەر ڕژیمدا بسەپێنن.
بەڵام نۆشینی جامی ژەهری تەسلیم، کۆماری ئیسلامی لە مەرگ نزیکتر دەکاتەوە. کۆتایی هەڕەشە نیزامییەکانی ئەمریکا و لابردنی “فشاری زۆرینەی گەمارۆکان” کە دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگاوە، ڕێگا بۆ پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەریی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا و ڕێگای ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی هەموارتر دەکات. بەپێچەوانەی بۆچوون و خواستی جەریانی ڕاستی توندڕەو و پەراوێزخراوی سەڵتەنەتخواز و هێندێک لە ڕەوتە بورژواناسیۆنالیستەکان، کە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی چاوی هیوایان لە دەستتێوەردانی نیزامی دەوڵەتانی دیکە بڕیوە و خوازیاری بەشداربوون لە دەسەڵاتن، مێژووی چەند دەیەی ڕابردوو نیشانی داوە کە دەستتێوەردانی دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکان و شەڕخوازیی ئەوان لە وڵاتانی ناوچەکە نەتەنیا بە قازانجی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش نەبووە بەڵکوو کێشە و نەهامەتییەکانی لێ زیاد کردوون و ئەوانی کردووەتە قوربانییانی یەکەمی شەڕ و وێرانی و ئاوارەیی.
بەڵام تەسلیمبوون و سازشی ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی لاچوونی تەواوی گەمارۆکانیش، ناتوانێ کرانەوەیەک لەو ژیانە پڕ لە هەژاری و نەهامەتییەدا پێکبێنێت کە کۆماری ئیسلامی بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگایدا سەپاندووە. چونکە ئیفلاس و بێتوانایی کۆماری ئیسلامی لە وڵامدانەوە بە داخوازیی ئەوان لە دەرەجەی ئەوەڵدا ڕیشەی لە قەیرانی ئابووریی سەرمایەداریی ئێران و گەندەڵیی بەرین، سیستماتیک و غەیری قابیلی ئیسلاحی ڕژیمدایە. ڕزگاربوونی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە وەها بارودۆخێکی ئابووریی فەلاکەتبار تەنیا بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بە دامەزراندنی حکوومەتێکی شۆرایی بەدەستی خۆیان مومکین و مویەسەر دەبێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn