لەگەڵ شکستی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، ئابووریی ڕژیم ڕۆژ بە ڕۆژ قەیراناویتر بووە و بەتەواوی داڕماوە. بەدوای تەحریمکرانی زیاتر لە ١٥ بانکی خسووسیی عێراقی سەربە حکوومەتی ئیسلامی و کۆنتڕۆڵکردنی بەرینی بانکی ناوەندیی ئەم وڵاتە لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانی پووڵ لەوانە بانکی جیهانی، ئیمکانی دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە دۆلاری خەڵکی عێراق یەکجار دژوار بووەتەوە. ڕژیمی ئیسلامی ساڵەها بوو کە بەشێکی زۆر لە پێداویستییە دراوییەکانی خۆی لە ڕێگەی تاڵانکردنی دۆلارەکانی عێراقەوە دابین دەکرد و ئەمە یەکێک لە ڕێگاکانی دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا و غەرب دژبە کۆماری ئیسلامی بووە. لەگەڵ داخرانی ئەم سەرچاوەیەی دارایی لەماوەی مانگی ڕابردوودا قەیرانی ئابووری ڕژیم زیاتر لە ڕابردوو پەرەی سەندووە. بەهای ڕیاڵ زیاتر هاتووەتە خوارێ و قیمەتی دۆلار سنووری ٦٠ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە. بەشوێنیدا توانای کڕینی کرێکاران و باقیی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەش یەکجار هاتووەتە خوارێ و ئەم بارودۆخە کاردی گەیاندووەتە ئێسقان. بەجۆرێک کە سەرەڕای کەشوهەوای توندی ئەمنییەتی و سەرکوت، مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران، خانەنشینان و مامۆستایان بۆ جارێکی تر گەشەی کردووە. بۆ نموونە هەفتەی ڕابردوو سەنایعی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان، فولادی یەزد، نەیشەکەری هەفت تەپە، خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی و سەنایعی فولاد لە چەند شار هاتنە سەر شەقامەکان و ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپاکرد. ئەوان هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر دەوڵەت نەتوانێ داخوازییەکانیان دابین بکات، لە ئاستی سەرانسەری و بەرینتردا ناڕەزایەتییەکانیان درێژە دەدەن.
لە وەها بارودۆخێکدا دانوستانی بەرجام ئەگەرچی لەگەڵ دەستپێکی شەڕی ئۆکراین ڕاگیرابوو و هەوڵەکانی دواتریش بۆ دەستپێکردنەوە بێ ئاکام مابووەتەوە، هەروەها ئەمریکا و کاربەدەستانی ئورووپایی و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیش بنبەستی دانوستانی ناوەکییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو، بەڵام لەئێستادا خەریکە سەردەگرێتەوە. داسەپاندنی گوشاری ئابووریی زیاتر لە دەرەوە بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی تێیدا گرفتار بووە بەئامانجی ڕێگریکردن لە دەخاڵەتەکانی ڕژیم لە شەڕی ئۆکراین بە قازانجی ڕووسیە و ڕاکێشانی بەرەو مێزی دانوستان، کاریگەر بووە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی ئابووری لەگەڵ پەرەسەندنی بێکاری و هەژاریی زیاتر و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەوەرۆم و هاتنەخوارەوەی دووبارە و لەناکاوی بەهای تمەن، بووەتە هۆی شەپۆلێکی تر لە ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاری لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا. نیگەرانی لە سەرانسەری بوونەوەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری، ڕژیمی ئیسلامی ناچار کردووە تا لەڕێگەی دەڵاڵانی دیپلۆماتیکی ناوچەکەوە بۆ گەڕانەوەی بۆ دانوستانی بەرجام هەوڵ بدات. ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕەوانەی عێراق و بێلژیک بوو تا زەمینەی دەعوەتکردنی ڕافائێل گڕۆسی سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بۆ تاران فەراهەم بکات و بەڵێن بدات کە لەگەڵ ئاژانس هاوکاری دەکات و یاساکانی پەیمانی “ئێن پی تی” بەڕێوە دەبات. لەم پێوەندەدا ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕەشەممە محەممەد ئیسلامی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ڕژیم وێڕای پشتڕاستکردنەوەی سەفەری ڕافائێل گڕۆسی لە ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەشەممە بۆ تاران و گفتوگۆ لەگەڵ مەقاماتی باڵای کۆماری ئیسلامی، ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری لەگەڵ بەرپرسانی ئاژانس و وڵامدانەوە بە پرسیارەکانیان ڕاگەیاند. تا بەڵکوو بتوانن بە لابردنی بەشێک لە تەحریمەکان و ئازادکردنی بەشێکی تر لە داراییە بلۆکەکراوەکانیان، کرانەوەیەک لە بنبەستی ئابووریی ڕژیمدا پێک بێنن.
بەڵام ئەوە تەنیا ڕژیمی ئیسلامی نییە کە بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانی بەرجام هەوڵ دەدات، بەڵکوو دەوڵەتی ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتەکانی ڕۆژاواش بەخاتری پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەراسەری لە ئێران کە ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی و دامەزراندنی دەسەڵاتی لەلایەن خەڵکەوە کردووەتە ئامانج، یەکجار نیگەرانن. سیاسەتی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا هێستا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە، کەوابوو بۆ ڕێگری لە ڕەوتی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر و بۆ کۆمەک بە مانەوەی ڕژیمی ئیسلامی دەیانهەوێ ئەم ڕژیمە ناچار بە قەبووڵکردنی مەرجەکانی خۆیان بکەن. هەروەها ئەمریکا سەڵتەنەتخوازانی بە ڕێبەریی ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی هێناوەتە مەیدان و وەک ئامرازی گوشاری سیاسی و دیپلۆماتیک بەکاریان دێنێت بۆ داسەپاندنی مەرجەکانی خۆی بەسەر ڕژیمی ئیسلامی سەبارەت بە دانوستانی ناوەکی و پرسی ناوچەکە،. بۆ ئەم ئامانجە دەزگا تەبلیغاتییەکانی خۆی خستووە کار تا لەلایەکەوە دەسپێکردنەوەی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە گەورەکردنەوەی پیتاندنی ٨٤ لەسەدیی ئۆرانیۆم و نزیکبوونەوەی ڕژیمی ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی، پاساو بکات و لەلایەکی دیکەوە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بۆ کۆبوونەوەی بەناو “مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان” دەعوەت بکەن و تریبوونەکەیان بخەنە ئیختیاری نوێنەری ڕژیمێکەوە کە تەنیا لەچەند مانگی ڕابردوودا و لە بەرامبەر دووربینی هەواڵنێراندا زیاتر لە ٥٠٠ لاو و ژن و منداڵی بەخاتری دیفاع لە مافی ئینسانییان وەبەر گولـلە داوە، دەیان کەسی لە سیاچاڵەکانیدا لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانەدا کوشتووە، زیاتر لە ٢٠ هەزار ئینسانی دەستبەسەرکردووە و ئەشکەنجەی داون. لە وەها بارودۆخێکدا “سی ئێن ئێن” کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی ٢٤ کاتژمێریی ئەمریکا لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئەم ڕژیمە گفتوگۆ دەکات و فرسەتی ئەوەی پێ دەدا تا بەوپەڕی بێشەرمییەوە ئیدیعا بکات کە “لە ئێران ژنان لە هەموو مافێکی ئینسانی بەهرەمەندن و هێزەکانی ڕژیم تەقەیان لە کەس نەکردووە”. بێگومان ئەمە لە دەرەجەی ئەوەڵدا نیشانەی درۆ و ڕیاکاریی دەسەڵاتەکانی سەرمایەدارییە کە بەخاتری پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایە حازرن دەست بۆ هەموو کارێک بەرن. ئەگەر هەتا دۆینێ ژنانی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتەکانیان بە زاهیر مووی سەریان بەنیشانەی پشتیوانی لە خەباتی ژنانی ئازادیخوازی ئێران کورت دەکردەوە، کە جەسوورانە لە بەرامبەر ڕژیمی دژەژن و یاسای کۆنەپەرستی ئیسلامیدا ڕاوەستاون، ئێستا لە نوێنەری وەها ڕژیمێکی جەنایەتکار پێشوازی دەکەن و بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی “مافی مرۆڤ”ەکەیان دەعوەتی دەکەن تا قسەیان بۆ بکات.
بێگومان هەوڵەکانی ئەمریکا و باقی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان بۆ پاشەکشەپێکردن بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە ڕووخاندنی ڕژیمی دژەئینسانی کۆماری ئیسلامیی کردووەتە ئامانج، بەرەوڕووی شکست دەبێتەوە. هەروەک چۆن لە شۆڕشی ساڵی ٥٧دا دەوڵەتانی ئەمپریالیستی نەیانتوانی حکوومەتی شا لە ئاگری تووڕەیی شۆڕش و ناڕەزایەتیی کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدەی ئێران بپارێزن، ناشتوانن مانەوەی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی زەمانەت بکەن. سەرەنجام ڕژیمی ئیسلامیش بە زەبری هێزی جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵک ڕیشەکێش دەکرێت.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە