یەک مانگ لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی ئێران کە قەتڵی دەوڵەتی و جەنایەتکارانەی ژینا ئەمینی “مەهسا” چەخماخەکەی لێدا تێپەڕیوە و کۆماری ئیسلامی لەم ماوەیەدا لە هیچ جەنایەتێک بۆ دامرکاندنی ئەم ئاخێزە دەریغی نەکردووە، بەڵام هەتا ئێستا نەیتوانیوە سەرکوتی بکات. لە درێژەی پەرەسەندنی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بە پێشەنگایەتیی ژنان، بێجگەلە بزووتنەوەی خوێندکاری، لەئێستادا کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی و چەندین ناوەندی کرێکاریی تریش پەیوەستی بوون و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی دژبە کۆماری ئیسلامی چووەتە قۆناخێکی نوێوە. تا جێگەیەک کە کرێکارانیش بە دروشمی “مەرگ بەر دیکتاتۆر”، ” امسال سال خونه خامنه ای سرنگونه” کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بەڕێوە دەبەن. پیاوان و ژنانی ئازادیخواز بە حوکمی هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی ئیسلام لەوانە هەڵوەشاندنەوەی یاسای حیجابی زۆری دێنە سەر شەقام و حوکمەکەیان هەر لەوێ بەکردەوە دەردێنن. هەموو ڕۆژێ دروشمەکانی وەک “مەرگ بەر کۆماری ئیسلامی”، “مەرگ بەر چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر”، “نە ڕووسەری نە تووسەری، ئازادی بەرابەری”، “نان کار ئازادی، ئیدارەی شۆرایی” و هیتر کە دەرخەری ماهییەتی شۆڕشگێڕانەی ئەم ئاخێزەیە و ڕاستەوخۆ گشت دەسەڵاتی کردووەتە نیشانە، لە هەموو شارەکانی ئێران دەنگ دەداتەوە.
وەها بارودۆخێک سەرانی ڕێژیمی ئیسلامی هێندە ئاڵۆز و شڵەژاو کردووە کە هێندێک جار دەست دەکەن بە قسە ڕەواندن. ڕۆژی چوارشەممە بیستی مانگی ڕەزبەر عەلی خامنەیی لە دیدار لەگەڵ ئەندامانی ناوەندی کۆنەپەرستانەی “مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام” هەوڵیدا بە سەفسەتە و درۆ، ڕووحیە بە هێز و دەست و پێوەندەکانی ڕێژیم بدات کە بەخاتری ئەگەری ڕووخانی دەسەڵات یەکجار نیگەرانی وەزعییەتی خۆیانن. ئەو لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: “دوژمنان کاتێک پێگەی کۆماری ئیسلامی و لایەنگرانی نیزامیان بەرامبەر بە کۆرۆنا بینی، کاتێک بەڕێوەبردنی ڕێپێوانی ئەربەعینیان بینی، دەستیان کرد بە پیلانگێڕی بۆ ئاژاوە نانەوە. دوژمنانی نیزام کاتێک لە نفووزی سروودی “سڵاو فەرماندە” بۆناو ملیۆنان لاو لە سەرانسەری ناوچەکە و جیهان ناڕاحەت بوون بەشوێن ئەوە کەوتن کە لە سەرەتای مانگی ڕەزبەردا ئاژاوە بنێنەوە. ئەمانە کاردانەوەی ناشیانە و نەزانانە و بەرنامە بۆ داڕێژراوی دوژمنە بۆ ئاژاوەنانەوە”. وتەکانی خامنەیی بەم ئەدەبیاتەوە کە سەرچاوەگرتوو لە ترسی و نیگەرانییەتی لە ڕووخانی حکوومەتەکەی، سنوورەکانی درۆی تێپەڕاندووە و پێویستە بە وڕێنە و هەڵیت و پڵیت بەحیسابی بێنین. خامنەی لە حاڵێکدا ژنان و پیاوانی لاوی ڕاپەڕیو دژبە ستەم و نابەرابەری، هەژاری و برسییەتی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و بێ مافیی سیاسی بە “نەزان” و دەست و پێوەندی دوژمن ناو دەبات کە یەک مانگە هاواری ڕەسای مەرگ بەر دیکتاتۆر و مەرگ بەر کۆماری ئیسلامی و مەرگ بەر خامنەیی لە هەموو شارەکانی ئێران دەنگ دەداتەوە. خامنەیی خۆی باش ئاگادارە کە دار و دیواری کۆڵان و شەقامەکان بەم دروشمانە ڕازاونەتەوە. بەڵام بەم حاڵەوە خۆی لە گێلی دەدات و دەیهەوێ وای نیشان بدات کە ئاگاداری هیچ نییە. کێ “نەزان”ە خامنەیی یان خەباتکارانی سەر شەقام؟
ئاخێزی یەک مانگی ڕابردوو خامنەیی و باقی سەرانی جەنایەتکاری ڕێژیمی تێگەیاندووە کە ناتوانن لافاوی خرۆشاوی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە کە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی کەوتووە ڕێ، ڕابگرن. خامنەیی دەزانێت کە هێزەکانی ڕووحیەیان لەدەست داوە و ڕیزەکانی ڕێژیم جێ دەهێڵن. دەزانێ تەنانەت ئەو مۆرانەی کە بە قەولی خۆی “تایبەت”ن، وەبۆڵەبۆڵ کەوتوون و ڕەخنە دەگرن و بە بیانووی جۆراوجۆرەوە هەوڵ دەدەن لە حکوومەت دوور بکەونەوە تا لە داهاتوودا دەرەتانێکیان هەبێت. ئەوان بەرینایی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و مەزن و سەرانسەریی یەک مانگی ڕابردوویان بینیوە کە چلۆن پایەکانی دەسەڵاتی دز و گەندەڵی کۆماری ئیسلامیی کردووەتە نیشانە و وەلەرزەی خستووە، ئەوان چۆن ئیدیعای خامنەیی باوەڕ دەکەن کاتێک کە ئەم ئاخێزە ئاشکرا و زیندوویە “ڕووداوی ورد و ئاژاوەی پەڕاکەندەی دوژمن” ناو لێ دەنێت؟ ئەگەر ئەم ئاخێزە “ڕووداوی ورد و ئاژاوەی پەڕاکەندەی دوژمن”ە چ پێویستییەکی هەیە کە لەبەریان بپارێتەوە و پێیان بڵێ کە “خۆڕاگر بن، بە وادەی ئیلاهی واتە سەرکەوتنی حەتمی یەقینم هەیە.”؟
هەڵبەت کرێکارانی مانگرتوو و خەڵکی ناڕازی هەمان ڕۆژ و دواتریش لەڕێگەی پەرەپێدان و درێژەی ناڕەزایەتییەکان وڵامێکی گونجاویان بە مەوعیزەکانی خامنەیی داوە. “شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت” پێشتر لە ڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە مژدەی پەرەسەندنی بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانی هاوڕێ لەگەڵ خەڵکی سەرانسەری ئێران دابوو. شۆرا، لەم ڕاگەیاندنەدا ڕوو بە هەموو کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی لە هەموو پاڵاوگە و سەکۆکانی نەوت و بەشی حەفاری ڕایگەیاندبوو کە : “ئێستا کاتی ئەوە هاتووە تا بەشێوەی بەرین دەست بدەینە ناڕەزایەتی و خۆمان بۆ مانگرتنی کەمەرشکێنی سەرانسەری ئامادە بکەین.”
لە درێژەی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەدا بێجگەلە ئەو دروشمانەی کە بە درووست لەسەر زەروورەتی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی تەئکید دەکەن، پێویستە هەر لە ئێستاوە درووشمی تر کە ئاسۆی ئەم ئاخێزە و هەوڵی قۆناخەکانی دوای ڕووخانی ڕێژیم نیشان دەدەن بکەونە سەر زار. هاوکات لەگەڵ دروشمەکانی مەرگ بەر دیکتاتۆر و مەرگ بەر کۆماری ئیسلامی، دروشمەکانی وەک “هەڵوەشاندنەوەی گشت دامودەزگای سەرکوت و دواکەوتوویی”، نان کار ئازادی ئیدارەی شۆرایی”، “ئازادی بەرابەری ئیدارەی شۆرایی”، “ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی”، “دابین کردنی بیمەی بێکاری”، “هەڵوەشاندنەوەی هەموو یاساکانی پاڵپشتی هەڵاواردن و نابەرابەریی جنسیەتی، نەتەوەیی و ئایینی”، “جیایی دین لە دەوڵەت”، “هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام”، “قەدەغەکردن و هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی دژبە ژینگە” و هیتر دووپات بکرێنەوە و لەسەر پارچە و پلاکارد بنووسرێن و هەرچی زیاتر ببنە وتاری کۆمەڵگە و جەماوەریتر ببنەوە. وەدی هاتنی ئەم دروشمانە بۆ کرێکاران و باقیی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە، بۆ لاوانی شۆڕشگێڕ کە هەر لە ئێستاوە لەسەر شەقام و لە زانکۆ بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن و دەبنە قوربانی و هەزینەی بۆ دەدەن، پێویستە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و سەرکەوتنی شۆڕش بێت. سەرکەوتنی شۆڕش لە گرەوی ئەوەدایە کە لە سبەینێی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش، بەرهەمهێنەرانی سەرەکیی کۆمەڵگە، بێبەشانی شار، هەر ئەم خەباتکارانەی سەر شەقام لە پێکهاتەیەکی شۆراییدا دەسەڵات بگرنە دەست و کۆمەڵگە بەڕێوەبەرن و ڕێگە نەدەن ئەزموونی تاڵی ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ٥٧ی هەتاوی دووپات بێتەوە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران