
ئەندامانی هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لە چل و هەشتەمین هەفتە لە چالاکی و مانگرتن لە خواردن، لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە لە ڕێکەوتی ٤ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٣، پەیوەست بوونی زیندانی ڕوودسەر لە پارێزگای ئیلامیان بەم هەڵمەتە ڕاگەیاند. لەم ڕۆژەدا ئەندامانی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لە ٢٨ زیندان دژبە سزای ئێعدام و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن. لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا هاتووە:
« لە ساڵی ٢٠٢٤دا دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران هەتا ئێستا لانیکەم ٩٥٣ کەسی ئێعدام کردووە. لەم ژمارەیە ٣٣ کەسیان ژن بوون و ٨ بەندکراوی سیاسیش ئێعدام کراون. هەروەها حکوومەت ٩٦ کەس لە هاووڵاتییانی کورد و ١٠١ کەس لە هاووڵاتییانی بەلووچی لەماوەی ئەم یەک ساڵەدا ئێعدام کردووە. زیندانی قزڵحەساری کەرەج وەک ناوەندی سەرەکیی ئێعدامەکان، ئەو قەتڵگایەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ١٥٨ کەسی تێدا ئێعدام کراوە و نزیکەی ١٧%ی هەموو ئێعدامەکانی ئێران لەوێ جێبەجێ کراون. لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا حکوومەتی ئێعدام، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی مانگی سەرماوەز بەندکراوێکی سیاسیی کوردی بەناوی “ڕەحیم بەرین” لە زنیدانی مەهاباد دوای ١٩ ساڵ ئەشکەنجە لە سێدارە دا. هەروەها زیندانییەکی سیاسیی دیکە لە زیندانی ورمێ بەناوی “ڕزگار بەیگ زادە بابامیری” کە لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ لە بۆکان دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن لقی دەی لێپرسینەوەی دادسەرای ئینقلابی ورمێ بە موحاربە و بەغی تۆمەتبار کراوە و مەترسیی دەرکردنی حوکمی ئێعدامی لەسەرە.»
ئەندامانی هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لە بەشێک لە بەیاننامەکەی خۆیاندا بۆ جارێکی تر تەئکیدیان کردووەتەوە کە «حکوومەت بۆ ڕێگری کردن لە ناڕەزایەتیی خەڵک دەست دەداتە سەرکوت و ئێعدام و هەموو ئێعدامەکان لە ئێران ئامانجی سیاسییان لە پشتە. لەم ڕووەوە ئەم کەمپەینە بۆ جارێکی تر داوا لە هەموو ئۆرگان و ناوەندەکانی جەماوەری و مافی مرۆڤ لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەکات کە بۆ ڕێگری لە ئێعدامەکان لە ئێران هەنگاوی جیددی هەڵگرن. ڕەمزی سەرکەوتن و ڕاگرتنی ماشێنی ئێعدام هاوپشتی و یەکگرتوویی گشتییە. ئێمە دەتوانین و ئەرکی سەر سەرشانمانە بەرەنگاری سزای ئێعدام بینەوە و ئەم قەتڵە سیستماتیکە ڕاگرین.»
هەروەک لە بەیاننامەی ئەم کەمپەینەدا هاتووە حکوومەتی ئیسلامی بۆ ڕێگری کردن لە ناڕەزایەتیی جەماوەری، سەرکوت و ئێعدام بەڕێوەدەبات. لەڕاستیدا ئێعدامی بەندکراوان، دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و پەرەپێدانی کەشوهەوای سەرکوت بۆ پێکهێنانی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگا بەئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئاخێزە ئیحتمالییەکان، بەردەوام بەشێک لە مەوجوودییەتی کۆماری ئیسلامی بووە. بەڵام ئەمجارە لە بارودۆخێکدا کە درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، پەرستاران، ناڕەزایەتیی لێبڕاوانە و سەرتاسەریی خانەشینان و ناڕەزایەتیی خوێندکاران بووەتە بەشێک لە واقعییەتی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمەڵگای ئێران، وە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە شێوازی جۆراوجۆر بۆ نموونە خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی بوێرانەی ژنانی ئازادیخوازی ئێران بەرانبەر یاسا و سیاسەتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە، ئێعدام و پەرەپێدانی سەرکووت بووەتە میحوەری ستراتێژی مانەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی.
لە کاتێکدا کە قەیرانی قووڵی ئابووری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خستووەتە تەنگانە؛ قەیرانی کەمبوونی بەرق و سووتەمەنی جگە لە پەرەپێدانی کێشە و گرفتی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، زۆرێک لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانیشی لەکار خستووە؛ ستراتێژی “شەڕی پێشگرانە”ی ڕژیم گەیشتووەتە بنبەست و هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”ەکەی تێکشکاوە؛ دەزگای ئیدئۆلۆژیکی شکستخواردووی ناتوانێ مەشرووعییەت ببەخشێ بەو هەمووە هەزینەیەی کە بۆ هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”ی تەرخان کردووە و بەو هەمووە هەژاری و فەلاکەت و بێ مافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە؛ هەژمۆنی و دەسەڵاتی سپای پاسداران لەبەرچاوی بیروڕای گشتی داڕماوە و ئەمەش ناکۆکی و کێشمەکێشی نێوان باندەکانی حکوومەتی زیاتر پەرەپێداوە؛ لەم ڕووەوە خەبات لەدژی سزای ئێعدام و تێکشکاندنی کەشوهەوای سەرکوت بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان گرینگییەکی ستراتێژیکی هەیە. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای ئێران گەیشتووەتە ئاستی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و هەموو ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو دەتوانێ ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ئاخێزێکی جەماوەری، سەرانی ڕژیم لەوپەڕی داماویدا بە پشت بەستن بە ستراتێژی سەرکوت بەتەمان کۆمەڵگا بەرەو دواوە بگێرنەوە.
لە بارودۆخێکدا کە ڕاگەیاندن و پەرەپێدانی سەرکوت بووەتە ڕەمزی مانەوەی کۆماری ئیسلامی و لە کاتکێدا کە هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” پێی ناوەتە چل و هەشتەمین هەفتەوە و زیندانییان لە ٢٨ زیندانەوە هەموو هەفتەیەک سێشەممانە لە ناڕەزایەتی دژبەم سزا دژەئینسانییە لە خواردن مان دەگرن، سەرتاسەری کردنەوەی بزووتنەوەی خەبات لەدژی سزای ئێعدام زیاتر لە هەموو کاتێک بووەتە زەروورەتێکی سیاسی. هەروەک هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لە بەیاننامەکەیاندا پێداگرییان لەسەر کردووە “ڕەمزی سەرکەوتن و ڕاگرتنی ماشێنی ئێعدام، هاوپشتی و یەکگرتوویی گشتییە”. پێویستە بۆ سەرتاسەری کردنەوەی بزووتنەوەی خەبات لەدژی سزای ئێعدام لێبڕاوانە تێبکۆشین. بە سەرەنجدان بە پێگەی چینی کرێکار لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و بەلەبەرچاوگرتنی دەورونەخشێک کە چینی کرێکار بە مانگرتنی سەرتاسەری لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان دەتوانێ لە زەمینگیر کردنی ماشێنی سەرکوتدا هەیبێ، پێویستە چالاکانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری زەروورەتی بەرزکردنەوەی ئاڵای خەبات لەدژی سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی هەرچی زیاتر لەناو کرێکاراندا پەرەپێبدەن. هەتا ئێستا ڕێکخراو و دامەزراوە کرێکارییەکان و چالاکانی بزووتنەوەی ژنان و خوێندکاران و مامۆستایان و نووسەرانی تێکۆشەر ڕۆڵێکی کاریگەر و پڕبایەخیان بینیوە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە پێویستی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان. پێویستە ئەم هەوڵانە شێلگیرانەتر و لەئاستێکی بەرینتردا درێژەیان بێت. سزای ئێعدام کوشتنی ئەنقەستی دەوڵەتییە، پێویستە لە بەرامبەر شەپۆلی ئێعدامەکاندا لە مافی ژیانی ئینسان لێبڕاوانە بەرگری بکەین. پێویستە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای ئێعدام یەکپارچە و یەکگرتوو بێینە مەیدان. پێویستە ماشێنی ئێعدام و سەرکوتی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران ڕابگرین.