
ڕێکخراوی کەشناسیی ئێران ڕۆژی شەممە ١ی مانگی بەفرانبار لەئاست چوونەسەری ڕێژەی پیسبوونی هەوای دە شاری گەورەی ئێران لەماوەی ڕۆژانی داهاتوودا هۆشداری دا. ئەم ڕێکخراوە بە دەرکردنی هۆشداری زەرد ڕەنگ، پێشبینیی کردووە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بەفرانبار لە تاران، کەرەج، قۆم و ئیسفەهان؛ دووشەممە ٣ی بەفرانبار لە تاران، کەرەج، ئەراک، ئیسفەهان، تەورێز، ورمێ، مەشهەد، یەزد و ئەهواز؛ سێشەممە ٤ی بەفرانبار لە تاران، کەرەج، ئەراک، قۆم، ئیسفەهان، تەورێز، ورمێ، مەشهەد و یەزد، چوارشەممە ٥ی بەفرانبار لە تاران، کەرەج، ئەراک، ئیسفەهان، قۆم، تەورێز، ورمێ، مەشهەد و یەزد و پێنجشەممە ٦ی بەفرانبار لە تاران، کەرەج، ئەراک، ئیسفەهان، قۆم، تەورێز، ورمێ، مەشهەد، ڕێژەی پیسبوونی هەوا زیاتر دەبێت. هۆشداری زەرد ڕەنگ بەو مانایەیە کە دیاردەیەکی جەوی ڕوو دەدات کە لەوانەیە سەفەر و تەنانەت چالاکییەکانی ڕۆژانەش تێکبدات.
لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و ساردبوونی هەوا، خەڵکی ئێران بەتایبەت بنەماڵەی کرێکار و زەحمەتکێش لە شارە گەورەکانی ئێران جگە لە کێشەی گرانی و کەمبوونی سووتەمەنی و بەرق و دژواریی دابینکردنی ژیان و گوزەرانیان، لەگەڵ قەیرانی پیسبوونی هەواش بەرەوڕوو بوونەتەوە. حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران ساڵەهایە بە گرتنەبەری سیاسەتی قازانجپەرستانە و ناکارناسانە دەستی کردووە بە تێکدانی ژینگە و ئاکامەکەشی ئەمرۆ لە کارەساتە ژینگەییەکاندا دەبینینەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ڕاگەیاندن و جێبەجێ کردنی یەک لە دوای یەکی بەرنامەی پێنج ساڵەی ئابووری نەتەنیا نەیتوانیوە نانێک بخاتە سەر سفرەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، بەڵکوو ئەوانی لە ئاوی خواردنەوەی سالم، بەرق، سووخت و تەنانەت هەوای سالم بێبەش کردووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەی ناوەندەکانی کۆنترۆڵی کوالیتیی هەوا، ڕێژەی ئالایەندەکان لە شاری تاران لەحاڵەتی قەیراناویدا، زیاتر لە ٥٠ بەرابەری ستانداردی جیهانییە. بەپێی توێژینەوە زانستی و پزیشکییەکان، پیسبوونی هەوا یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی چوونەسەرەوەی ڕێژەی نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسەدانە. زەڕاتی ئالایەندەی ناو هەوا و بێنزین، مەترسیی تووش بوون بە نەخۆشییەکانی پێوەەندیدار بە دڵ تا ١٠ لەسەد و نەخۆشییەکانی پێوەندیدار بە هەناسەدان تا ٢٧ لەسەد دەباتە سەرێ. بەپێی دوایین توێژینەوەکان، لە شاری تاران بەشێوەی مامناوەند مەرگی ٣٧٥١ کەس پەیوەندیی بووە بە مانەوەی زۆر لە هەوای ئالودەدا. بەداخەوە مامناوەندی مەرگ بەهۆی پیسبوونی هەوا لە تاران، ١٠ کەس لە یەک ڕۆژ دایە. ناوەندی لێکۆڵینەوەی پیسبوونی هەوای زانکۆی تاران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ساڵانە ٤٠ هەزار کەس لە ئێران بەهۆی پیسبوونی هەوا تووشی مەرگی پێشوەخت دەبن.
سیاسەتی دژەژینگەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوەیکە کێشەی پیسبوونی هەوا لە ئێران ببێتە قەیران. دابین نەکردنی پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکانی هێنانەخوارەوەی ئاستی پیسبوونی هەوا لە شارە گەورەکان نیشانەی بایەخ نەدانی سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە بەم بابەتە. لە باروودۆخی ئێستادا بۆ ئەوەیکە قەیرانی ژینگەیی لە شارێکی وەک تاران پانتایی مەترسیدار بەخۆی نەگرێت، پێویستە بەشێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو، ئەولەوییەت گەلێک بخرێتە دەستووری کارەوە. بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قەیرانی هەوا پێویستە بەپێی پڕۆژەیەکی زەمانبەندیکراو، کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان کە سەرچاوەی سەرەکیی پیسبوونی هەوا و گازی گوڵخانەیین، بۆ دەرەوەی شارەکان بگوازرێنەوە. پێویستە لە بواری دابینکردنی وزەی بێ زەرەر بۆ سرووشت و هەروەها بەمەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لەئاستی شاردا، لە زەمینەی گەشەی ئامرازی هاتووچۆی گشتیی هەرزاندا بەشێوەی بەرین سەرمایەگوزاری بکرێت. واتە ئەو چالاکییانەی کە لە زۆرێک لە شارەکانی جیهان ئەنجام دراون. بەڵام ڕژیمی ئیسلامی کە زیاتر لە ١٥٠ ملیارد دۆلار دەکاتە خەرجی بەرنامەی ئەتۆمی و پیتاندنی ئۆرانییۆم و بوودجەیەکی یەکجار زۆر بۆ تەیارکردنی سپای پاسداران، ستراتێژی شکستخواردووی شەڕی پێشگرانە و هێزەکانی “میحوەری موقاومەت” و دەخاڵەتگەریی نیزامی لە ناوچەکە تەرخان دەکات، هیچ بایەخێک بە سالم ڕاگرتنی ژینگە نادات. کابینەی پزیشکیانیش هەروەک دەوڵەتەکانی پێشوو، لەپێوەند لەگەڵ قەیرانی پیسبوونی هەوای تاران و باقیی شارە گەورەکان و هەروەها کێشە و گرفتە جیددییەکانی پێوەندیدار بە ژینگە، بێجگەلە وادە و بەڵێنی پووچ و بێناوەرۆک، هیچ هەوڵێکی تری نەداوە. دەوڵەتی پزیشکیان بەهۆکاری توندبوونەوەی ئەو قەیرانانەی کە بەرۆکیان گرتووە، لەپێناوی ڕاگرتنی نیزامی ئیسلامی زیاتر لە ڕابردوو پێویستی بە زیادکردنی بوودجەی هێزی ئەمنی و سەرکوتە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕێگە بە سەرمایەداران و خاوەنانی سەنایع دەدات تا بۆ کەڵەکەکردنی هەرچی زیاتری سەرمایە، ژینگە زیاتر وێران بکەن. هەربۆیە، ئاو، هەوا، دارستان و لەوەڕگە و بەگشتی سرووشت بەردەوام دەکرێتە ئامانجی تەماع و قازانجپەرستیی دەسەڵاتداران و خاوەنانی سەروەت.
سەرەڕای چوونەسەرەوەی ئاستی وشیاریی مرۆڤ نیسبەت بە ژینگە و پەرەسەندنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی دژبە وێرانکارییەکانی نیزامی سەرمایەداری، پیسبوونی هەوا و قەیرانی ژینگە بەردەوام قووڵتر دەبێتەوە. گەشەی وشیاریی مرۆڤ نیسبەت بە ژینگە بووەتە هۆی ئەوەیکە مرۆڤەکان بەرپرسانەتر و شارستانییانەتر لەگەڵ دەورووبەری خۆیان هەڵسووکەوت بکەن. خەڵک ڕێز لە سرووشت و ژینگە و یاسا پێوەندیدارەکان دەگرن و خۆیان بە بەرپرس دەزانن و هەوڵ دەدەن لە چوارچێوەی ئیختیارات و ژیانی خۆیاندا دەورونەخشیان لە پاراستنی ژینگەدا هەبێت. بەڵام بێگومان لە نیزامێکدا کە هەموو شتێک بە دەوری سوود و سەرمایەدا دەسووڕێت و بۆ گەیشتن بە قازانجی زیاتر هەموو شتێک لەوانە ژینگە دەبێتە قوربانی، گەشەی وشیاری و کلتوور و ئەخلاق بەتەنیا بەس نییە بەڵکوو پێویستە بەگژ موناسباتێکدا بێین کە بە حوکمی ماهییەتە زاتییەکەی، بەردەوام و بەبێ بایەخ دان بە ئاکامە کاتی و درێژماوەکانی، گۆشەیەک لە سرووشت وێران دەکات. لەم ڕووەوە نابێ لەئاست بزووتنەوەی پاراستنی ژینگە کەمتەرخەم بین. نابێ ڕێگە بدەین ڕەوتەکانی بورژوازی ڕێبەریی ئەم بزووتنەوەیە بگرنە دەست. پێویستە چالاکانە لەم بزووتنەوەیەدا بەشداری بکەین و ئاسۆی دژەسەرمایەداری و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و ستراتێژی سۆسیالیستی لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا پەرەپێبدەین.