فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سازماندانی جەماوەریی ژنان، زامنی سەقامگیرکردنی دەستکەوتەکانی هەتا ئێستا
سێشەممە ۰۱-۰۱-۱۴۰۲   |  21-03-2023
سازماندانی جەماوەریی ژنان، زامنی سەقامگیرکردنی دەستکەوتەکانی هەتا ئێستا

هەڵاواردنی ڕەگەزی و ڕوخساری ژنانەی هەژاری لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ژنانی لە ئێران کردووەتە یەکێک لە سازشت هەڵنەگرترین دوژمنانی ڕژیمی ئیسلامی. ژنان لە ئێران یەک مانگ دوای بەدەسەڵات گەیشتنی ڕژیمی ئیسلامی، گەورەترین خۆپیشاندانیان لە ٨ی مارسدا دژبە حیجاب ئەم هێمایەی ئاپارتایدی جنسیەتی و نەزمی دینی سازمان دا. دواتر لەماوەی چل و چوار ساڵی ڕابردوو، دەسەڵاتی ئیسلامی بە زیندان، سەنگسار، ئێعدام، ئەسیدپاشی، و لەڕێگەی فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی پیاوسالاری و داسەپاندنی بەربەست و بێ مافیی بەرین هەوڵی دا ژنان وەک ئینسانی دەرجە دوو و لاواز لە گۆشەی ناوماڵیان پەستێوێ. بەڵام سەرەڕای ئەم سەرکوتگەرییانە بزووتنەوەی ژنان بە ئاگاداربوون لە مافی خۆیان و ناسینی دوژمن، بۆ ساتێک لە خەبات دەستیان هەڵنەگرتووە و لە هەر فرسەتێکدا، تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆیان دژبەم سیاسەت و بێمافیانە هاوار کردووە. بە ڕێکەوت نییە کە نێدا ئاقا سوڵتان دەبێتە سیمای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ٨٨ و سپیدە قۆلیان دەبێتە دەنگی ناڕەزایەتیی کرێکارانی حەوت تەپە و ژنان بە مشتی گرێدراوەوە لەناو گولـلە و گازی فرمێسکڕێژدا دەبنە هێمای بوێری لە ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨. و لە ناڕەزایەتیی مامۆستایان، خانەنشینان، پەرستاران و لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژبە کەمبوونی ئاو و لەناوچوونی ژینگە ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینن. بەم پێشینەوەیە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بەناوی ڕەمزی ژینا و بە پێشەنگایەتیی ژنان و بە خەباتی ژیناکان و ساریناکان و نیکاکان بووەتە یەکێک لە شکۆمەندترین و بەرجەستەترین ڕووداوە سیاسییەکانی ئێران و جیهان.

لەم ئاخێزەدا، ژنان و پیاوان و لاوانی شۆڕشگێڕی وەگیان هاتوو لە وەزعی مەوجوود توانییان هاوسەنگیی هێزی سیاسی بە قازانجی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بگۆڕن. ژنان بەکردەوە زۆرێک لە یاسا و ئیجبارەکانی کۆماری ئیسلامییان خستە ژێر پێ و لەڕاستیدا هێرشیان کردە سەر پایەکانی ئیدئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی. ژنان هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمیان بەشێوەیەکی بێوێنە دەرماندە کرد. بۆ یەکەمجار خواستی کۆتایی هێنان بە ستەم دژبە ژنان بوو بە داخوازیی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان و هەموو توێژە ستەملێکراوەکانی کۆمەڵگا و هێزە پێشڕەو و ئازادیخوازەکان لەم پێناوە، شەقامەکانیان کردە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی. ژنان و لاوان و خوێندکاران لە ڕێکخراو و ئەنجومەن و کۆمیتەکانی مەحەلات سازمان دران و شان بەشانی یەک دژبە ستەم و هەڵاواردن و هەژاری و فەلاکەتە هاودەنگ بوون. ئەو ژنانەی کە هیچ کات نەبوونە سەمبولی ژنی مسوڵمان بۆ ڕژیم، بۆ ئێران و جیهان سەمبولی ژنی ڕزگاری بەخش و هێمای بوێری و خەباتکارین. ئەمانە ئەو دەستکەوتانەن کە لە ئاکامی وشیاری و خەباتی ژنان و باقی توێژە بێبەشکراو و ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگەدا بەدەست هاتوون و پێویستە هەم لە بەرامبەر هەڕەشە و هەم بۆ پێشڕەویی زیاتری بزووتنەوەی ئازادیخوازی و بەرابەری تەڵەبی، بیانپارێزین.

پاراستنی ئەم دەستکەوتانە و درێژەی خەباتی ژنان چ لە ئێستادا و چ لە داهاتوودا، سازماندانی ژنانی لە هەموو بوارەکاندا کردووەتە بابەتێکی حەیاتی. بە سازماندانە کە دەکرێ دەستکەوتەکانی هەتا ئێستا سەقامگیر بکرێن. ژنانی کرێکار، ژنانی بێکار، ژنانی ناو ماڵ، ژنان لە بەشی کشتوکاڵ و باقیی توێژەکانی تری ژنان پێویستە بتوانن لە دەوری داواکارییەکانیان لە ڕێکخراوە سەربەخۆکانی خۆیان، چ لە شوێنی کار و چ لە شوێنی ژیانیان سازمان بدرێن. ئەم ڕێکخراوانە ئەو زەرفانەن کە دەتوانن خواست و داواکاریی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی بەباشترین شێوە نوێنەرایەتی بکەن و ببنە ئامرازی بەرەوپێشبردنی خەباتی ژنان لەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەدا. لەڕێگە ئەم ڕێکخراوانەوەیە کە دەکرێ خەباتێکی کاریگەر دژبە سیاسەتی دژی ژن، دژبە توندوتیژیی دەوڵەتی و ناوماڵ، دژبە پیاوسالاری و قەتڵی نامووسی، دژبە هەڵاواردنی ڕەگەزی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەڕێوەبچێت. ئێمە ئەزموونی شکستی شۆڕشی ٥٧ و دامەزراندنی دەسەڵاتی کۆنەپەرست و دژی ژنی کۆماری ئیسلامیمان هەیە. لە نەبوونی ڕێکخراوەکانی جەماوەری و سەرانسەری ژنان و کرێکاران کە بتوانن لەگەڵ هێزی پێشڕەو و ئازادیخوازی کۆمەڵگە لە دەستکەوتەکانی خۆیان دیفاع بکەن، زەحمەت و گیانفیدایی ژنان و کرێکاران و جەماوەری ڕاپەڕیو بووە قوربانیی تەبانیی کۆنەپەرستان و سەرمایەی جیهانی و بەمجۆرە ژنان لە ئێران بۆ زیاتر لە چوار دەیە بوونە دۆڕاوە سەرەکییەکانی شکستی شۆڕش و قوربانیانیی دژەشۆڕشی داسەپاو بەسەر ڕاپەڕینی جەماوەر. ئەم بابەتە لەم دەورەیەشدا دەتوانێ بەمجۆرە بێت و لە نەبوونی ڕێکخراوی سەرانسەری بەهێزی ژنان و کرێکاران، ئیمکانی بەلاڕێدابردنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی هەتا ئێستا و زەوتکردنی لەلایەن هێزی ڕاست و لایەنگری ڕۆژاواوە بوونی هەیە.

بەباوەڕی ئێمە کۆمۆنیستەکان ڕزگاریی یەکجاری ژن و ڕیشەکێشکردنی هەڵاواردن و ئەو نەهامەتییانەی کە لە کۆمەڵگەدا لەگەڵی بەرەوڕوون لەڕێگەی ڕێفۆرمی شێنەیی نیزامی سەرمایەداری نایەتە دی. ڕێکخراوی جەماوەریی ژنان و سازماندانی ئەوان دەتوانێ لە جەرگەی خەبات بۆ باشترکردنی بارودۆخی کارو ژیان و بەهێزکردنی متمانەبەخۆییان ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ڕیشەکێشکردنی هەڵاواردن و نابەرابەرییەکان بخاتە بەردەم بزووتنەوەی ژنان. هەروەها لە جەرگەی ئەم خەباتە ڕێکخراوەدایە کە ژنان بەوە دەگەن کە سەرەڕای گرینگیی ڕزگاریی بەخشبوونی خەبات دژبە هەڵاواردنی ڕەگەزی و وەدیهاتنی داخوازییەکانیان لەوانە گەیشتن بە مافی لەباربردنی کۆرپەلە، یان خەبات لەدژی ئازار و ئەزیەت و دەستدرێژیی سێکسی، نابێ ئاسۆی خەباتی خۆیان بەم خواستانە سنووردار بکەن. ژنانی کرێکار پێویستە لە بزووتنەوەی گشتی بۆ داخوازییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ باقیی ژنان بەشداری بکەن، بەڵام سەرەنجام مەجبوورن ڕیزی خۆیان لە ڕیزی ژنانی بورژوا جیا بکەنەوە، چونکە بەوە دەگەن کە دابینکردنی زۆرێک لە خواستەکانی کرێکاران و ژنانی ستەمدیدە بە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سەرمایەداران و دەوڵەتی بورژوازی پشتیوانییان و لە نیهایەتدا بە هەڵوەشاندنەوەی خاوەنداریەتی تایبەت و ڕووخاندنی نیزامی سەرمایەوە دێتە دی. بابەتێک کە لەگەڵ نیگای ژنی بورژوا وەک پشتیوانی نەزمی سەرمایە ناتەبایە. بۆ نموونە تەنانەت دەستڕاگەیشتن بە مافی لەباربردنی کۆرپەلە بۆ ژنی کرێکار و ژنی بورژوا بە یەک مانا نییە. ژنانی سەرمایەدار و بوژروا توانای ماڵیی بەهرەمەندبوون لە باشترین ئیمکاناتیان بۆ لەباربردنی کۆرپەلە و ئاگالێبوونی پزیشکی هەیە، بەڵام بۆ ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش کە توانای دابینکردنی ئەم ئیمکاناتەیان نییە مەجبوون لەپپێناو خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەخۆڕایی بەرەنگاری دەوڵەت و سەرمایەداران و شیرکەتەکانی بیمە و باقیی ناوەندە پەیوەندیدارەکان بنەوە.

سازماندانی جەماوەریی ژنان و پەیوەندی ئەوان بە بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێ ڕۆڵێکی چارەنووسسازی هەبێت لە پاراستن و سەقامگیرکردنی دەستکەوتەکانی هەتا ئێستا و درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا تا ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بەدواداچوونی خواستی ژنان لە قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co