دوای فەرمانی “ئاتەش بە ئیختیاری” خامنەیی لەدژی ژنان، ئەحمەد ڕەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی هێزی ئینتزامیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی شەممە ١٩ی مانگی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە ئەو کەسانەی لە شوێنە گشتییەکان، لەناو ماشێن یان لە شوێنە تیجارییەکان حیجاب لەسەریان دەکەنەوە، شوناسایی دەکرێن، لە قۆناغی یەکەمدا ئاگادار دەکرێنەوە و لە قۆناغی دووهەمدا بە بەڵگەنامەوە بە دەزگای قەزایی دەناسێندرێن. حسێن شەریعەتمەداری وەک مودیری مەسئول و نوێنەری خامنەیی لە ڕۆژنامەی کەیهان، دیاردەی لابردنی حیجابی بە دیاردەیەکی ئەمنییەتی ڕاگەیاند. بەدوای ئەم هەڕەشانەدا دەزگای پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بە هاوکاری و هاودەستی لەگەڵ میدیا بەکرێگیراوەکان هەوڵ دەدەن بە هەر فێڵ و فریوێک بێت بەشێک لە خەڵکی ئاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ژنانی “بەدحیجاب” مەجبوور بە هاوکاری لەگەڵ ناوەندە حکوومەتییەکان بکەن. فەرماندەی هێزی ئینتزامی هۆشداری بە ئەسناف داوە کە “ئەگەر کەسانێک کە لەم بەشانەدا کار دەکەن حیجاب ڕەعایەت نەکەن، سەرەتا ئاگادار دەکرێنەوە و هۆشداری پلۆمبیان پێ دەدرێت و ئەگەر ئیدامەی بوو نیهایەتەن پلۆمب دەکرێن”. شەپۆلی نوێی هێرشی شیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان بەشێکە لەم هێرشە بەرینە بۆسەر ژیانی ژنان.
سازماندانی ئەم پەلامارە بەرینە بۆسەر ژنان و کچانی خوێندکار بۆ قەرەبووکردنەوەی شکست و نۆژەنکردنەوەی پایەکانی ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە کە بە تەعەڕوزی ژنان و لابردنی حیجاب و ڕووسەری و سووتاندنیان لەسەر شەقام، کەوتووەتە لەرزە. حەق بە شەریعەتمەداری ئەم ئاڵقە لەگوێیەی خامنەییە کە دەڵێ: بە لابردنی حیجاب و سووتاندنی ڕووسەری ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە مەترسییەوە. ئەگەرچی ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی ئێران هەر لە سبەینێی بەدەسەڵات گەیشتنی دژەشۆڕشی ئیسلامییەوە لە چوارچێوەی بنەماڵەدا و لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەرەنگاری یاسای ئیسلامی و دژبەژن و کلتووری پیاوسالاری بوونەوە و لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا پایەکی سەرەکیی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و بزووتنەوەی پێشڕەوی کۆمەڵایەتی بوون، بەڵام لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا بە ڕۆڵی پێشەنگیان ئاشکراتر لە هەمیشە بنەمای سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی ڕژیمیان دایە بەر هێرش و تەعەڕوز. ژنانی ئازادیخواز لە زانکۆ و مەدرەسە و شەقام بە لابردنی حیجاب و سووتاندنی کاریگەرییان لەسەر گشت کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگا و تەنانەت لەسەر بیروڕای گشتیی جیهان دانا. ئەم دەستکەوتەی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان، ئەم ئاستە لە ئازادی کە بەدەست هاتووە تەنها تایبەت بە ژنان نییە، ئەم دەستکەوتە هی هەموو بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێرانە و پەیوەندی بە هەموو کۆمەڵگاوە هەیە. لەم ڕووەوە پێویستە بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان، هەموو ئینسانە ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکان بەرانبەر بەم هێرشە بەرینەی ڕژیمی ئیسلامی بۆسەر ژنان، لە ژنان و مافی ئینسانییان دیفاع بکەن.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان ڕایدەگەیەنێت کە ئەم هێرشە بەرینە بۆسەر ژنان و مەدرەسەکانی کچان و بۆسەر کۆمەڵگا تەنیا لەڕێگەی بەرپاکردن و سازماندانی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی جەماوەری تێکدەشکێندرێ. نابێ ژنانی ئازادیخوازی ئێران بەرانبەر بەم هێرشەی دژەشۆڕشی ئیسلامی بەتەنیا بێڵینەوە. بەرەنگاربوونەوە دژی ئەم هێرشە نابێ تەنیا بە موقاومەتی ژنان لەو شوێنانە سنووردار بێتەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی ئاتەش بە ئیختیارانی ڕژیم دان. ئەگەرچی دیفاعی مەیدانی و بەتەنیا نەهێشتنەوەی ژنان لە هەموو شوێنێک ئەرکی ئینسانی و ئەخلاقیی هەموو پیاوان و ژنانی ئازادیخوازە، بەڵام بەرەنگاربوونەوە بەرانبەر بەم هێرشە بێشەرمانەیە بۆسەر دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بابەتێکی گرینگ و حەیاتیی بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانە. پێویستە شوێنەکانی کار و زانکۆ و مەدرەسە و شەقام بکەینە مەیدانی خەبات بۆ تێکشکاندنی ئەم هێرشە. دەستکەوتەکانی ژنان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا کە لەپێناویدا، گیانەکان و چاوەکانیان دا، تەنیا هی ژنان نییە. هی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب، هی هەموو مرۆڤێکی ستەملێکراوە کە لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەدراندایە. بۆ دیفاع لەم دەستکەوتانە و بۆ تێکشکاندنی ئەم پەلامارەی ڕژیمی ئیسلامی پێویستە ڕاپەڕین. تێکشکاندنی ئەم هێرشە لە گرەوی هەرچی جەماوەریترکردن، ڕێکخراوترکردن و سەرانسەریترکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان دژبە گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدایە.
ڕزگاری ژن، ڕزگاریی کۆمەڵگایە!
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی – بژی سۆسیالیزم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
١٢ی ئاپریلی ٢٠٢٣ – ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٢
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت