دە ڕۆژە زۆرێک لە شارەکانی ئێران بوونەتە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە، ناڕەزایەتی و هاواری خەڵکی ژێر ستەمی ئێران. کوشتنی ژینا ئەمینی هەستی هەموو خەڵکی ئێرانی ئازار دا و چەخماخەیەک بوو کە ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی جەماوەری خەڵکی دژبە چل و سێ ساڵ ستەمی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەڵکی ئێران و بەتایبەت ژنان، هەڵگیرساند. ستەمێک کە لە خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا پۆتانسێلێکی گەورەی هەیە. چونکە لابردنی حیجاب وەک هێمای ئیسلامی سیاسی نەتەنیا لە ئێران بەڵکوو لە ناوچەکە، ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیی کردووەتە ئامانج. بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی نەتەنیا بۆ دەسەڵاتی سەرمایەداری، بەڵکوو بۆ هاودەستانی ئەم ڕێژیمە جەنایەتکارە واتە هاوبەشە ئیمپریالیستەکانی لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە هەتا ئێستا، کارکردی حەیاتیی هەیە. ئاشکرایە ئەو سیستمەی کە ستەم لەدژی ژنان نەتەنیا ئێران بەڵکوو لە سەرانسەری جیهان بەرهەم دێنێت، سیستمێکە کە پەیوەندی کاڵایی سەرمایەداری تێیدا زاڵە. بەڵام دەوڵەتانی ئیمپریالیستی زیاتر لە چەند دەیەیە کە بە پشتیوانی و هێنانە سەر کاری حکوومەتە ئسیلامییەکان لە هێندێک وڵاتی وەک ئێران توانیویانە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنخواز نەتەنیا لە یەک وڵات بەڵکوو لە ناوچەکەدا سەرکوت بکەن. هەڵبەت پێشێلکردنی بەردەوامی مافی ژنان ئەگەرچی هیچکات لەلایەن ئازادیخوازانەوە بێ وەڵام نەماوەتەوە، بەڵام بەهەرحاڵ حکوومەتی سەرمایەدارانی ئیسلامی چوار دەیەیە لەسەرکارە و بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتە نگریسەکەی لە هیچ تاوانێک دەستی نەپاراستووە.
لەم ڕۆژانەدا وەبەر گولـلەدانی ژنان و لاوان لەسەر شەقامەکان، نیشانی دەدات کە دەسەڵات لە ئێرانیش باش ئەوە دەزانێت کە ئاگرتێبەردانی لەچکە و حیجاب هێرشێکی بەهێزی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکە بۆسەر یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. سەرانی ڕێژیم دەزانن کە ئەم هێرشە ئایدیۆلۆژیکە خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دەباتە قۆناغێکی تازەوە.
پڕۆژەی ئینتێرنێتیی مەهوارەیی کە گوایە ئیلان ماسک میلیاردێری ئەمریکایی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا خستوویەتە ئیختیاری خەڵکی ئێرانەوە، نیشانی دەدات کە مەترسیی ڕووخانی ڕێژیم بۆ دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانیش، کە خاوەنی بەرژەوەندی هاوبەشن، هۆشداردەرە. هەوڵی ئەوان ئەوەیە کە تا ئەو جێگەیەی بۆیان دەکرێت خۆیان بە پشتیوانی ڕاپەڕینی خەڵک نیشان بدەن و لە کاتی خۆشیدا بۆ ئاڵتێرناتیڤێک کە بەرژەوەندیان دابین دەکات، بێنە مەیدان. هەڵبەت ئاڵتێرناتیڤسازیی ئیمپریالیستەکان بابەتێکی تازە نییە. هەر ئێستاش ڕەزا پەهلەوی، شۆرای مودیریەتی گوزار و بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیش ددانیان تیژ کردووە تا بە هەر شکڵێک کە دەتوانن سەهمێکیان لە داهاتووی ئێراندا هەبێت. لەو ڕووەوە بۆ خەڵکی ژێر ستەمی ئێران، کرێکاران و زەحمەتکێشان، و بەتایبەت ژنان، وێنەیەکی ڕوون لە ئاڵتێرناتیڤی حکوومەتی بۆ داهاتووی ئێران بە قەدەر ئاخێزێک کە ئێستا گیانفیدایانە و بوێرانە بەڕێوەی دەبەن، زەرووری و گرینگە. شۆڕشی ٥٧ و لەدەستدانی ئەم دەرفەتە مێژووییە بۆ خەڵکی ئێران، نیشانی دا کە ئامادەبوون بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی تا چ ڕادەیەک گرینگە. ئەم ئامادەبوونە لە هەموو بوارەکاندا دەبێت بەجۆرێک سازمان بدرێت کە ژنان، کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشانی شار، کەمینە ژێر ستەمەکان و لاوان و توێژەکانی تر، دڵنیابن کە لە هەموو باروودۆخێکدا بەرژەوەند و مافیان دەپارێزرێت و لەڕێگەی شۆراکان و باقیی ناوەندەکانی حاکمییەتی جەماوەرییەوە، دەسەڵاتی واقعیی دەکەوێتە ئیختیاریانەوە. بێگومان جەماوەری بوونی حزووری خەڵک لەسەر شەقامەکان دەتوانێ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی جیهانی دابنێت و مرۆڤی پێشکەوتوو و ئازادیخواز لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانەوە بۆ پشتیوانی بێنێتە سەر شەقام و پایەکانی کۆماری ئیسلامی بخاتە لەرزە. بۆ پێشڕەویی ئەم ئاخێزە سەرانسەرییە پێویستە ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و ڕوون بخرێتە پێشی. ئەگەرچی بە زەوی دادانی لەچکە و ڕووسەری، ئیسلامی سیاسی واتە یەکێک لە پایە ئایدیۆلۆژییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەداتە بەر هێرش، بەڵام نابێ لەوە غافڵ بین کە پایەی سەرەکیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نیزامی چینایەتیی سەرمایەدارییە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پشت بەستن بەم نیزامە چینایەتییەیە کە ژنان و کرێکاران و بێبەشان دەچەوسێنێتەوە. هەربۆیە پەرەپێدان بە ئاسۆی ڕزگاری بەخشی سۆسیالیستی لە پێشمەرجەکانی پێشڕەویی ئەم ئاخێزە سەرانسەرییەیە. پێشمەرجێکی دیکە پێشڕەویی ئاخێزی مەهسا، هەرچی جەماوەریتر بوونەوە و هاتنە مەیدانی چینی کرێکار لەئاستی کۆمەڵایەتیدایە. بە هەرچی جەماوەریتر بوونەوەی ئەم ئاخێزە و هاتنە مەیدانی چینی کرێکار و مانگرتنی سەرانسەرییە کە هێزە سەرکوتگەرەکانی دوژمن ئیفلیج و زەمینگیر دەبن.
بە پەرەپێدانی ئاسۆیەکی ڕوونی سۆسیالیستییە کە ئەو دەستەیە لەو بەدیلانەی کە دەیانهەوێ ڕێژیمێکی دیموکراتیکی ئیسلامی، یان مەشرووتەی سەڵتەنەتی یان دیکتاتۆریی سەرمایەداریی غەیرە دینی و لائیک بخەنە جێگای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، دەخرێنە پەراوێزەوە. ئەو دەستەیە لە ئاڵتێرناتیڤەکان کە تەنیا مەزهەبی بوونی دەسەڵاتی ئێستا دەبەنە ژێر پرسیارەوە و تەنیا لەسەر سیستمی لائیک تەئکید دەکەن، بۆ پێشڕەویی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێران دەبنە ڕێگر. هەربۆیە درووشمەکانی وەک “مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر”، مەرگ بۆ چەوسێنەر چ شا بێت و چ ڕێبەر”، “نان، کار، ئازادی” پێویستە لە درێژەدا بەدیلێک پێشکەش بکەن کە ڕزگاری لە ستەم و دیکتاتۆری، ڕزگاری لە موناسباتی زەوتکەری نان و کار و ئازادیی ئینسانەکان و وەدیهاتنی واقعیی ئازادی زەمانەت بکات. بێگومان وەها بەدیلێک تەنیا دەتوانێ بەدیلی سۆسیالیستی بێت.
ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی لە مەسیری پێشڕەویی خۆیدا لە جەرەیانی خەباتدا، شۆراکان، ئۆرگانی دەسەڵاتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگە پێک دێنێت. لە هەنگاوی یەکەمدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەڕووخێنێت. ماشێنی دەوڵەت بە گشت ئۆرگانە سەرکوتەکانییەوە تێکدەشێکێنێت و حکوومەتی شۆرایی دادەمەزرێنێت. حکوومەتی شۆرایی بەرینترین ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی دابین و زەمانەت دەکات. لەڕێگەی گشتی کردنی خاوەنداریەتی ئامرازی بەرهەمهێنان، هەموو زەرفییەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێران بەبەرنامە و نەخشەمەند، بەکار دێنێت. دابین کردنی پێداویستییەکانی خەڵک، دابین کردنی ژیانی خۆشبژێو و شایستەی ئینسان دەبێتە ئامانجی بەرهەمهێنان. گەشەی ئابووری لەم رێگایەوە مسۆگەر دەبێ، بەرهەمی زیاتر بەکات و هێزێکی کەمتر بەرهەم دێت و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش دەکرێت. بۆ چارەسەرکردنی پێویستییە مادی و مەعنەوییەکانی مرۆڤەکان، خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی خەڵک لەئاستێکی بەریندا بەڕێوەدەچێت. لەوەها سیستەمێکدا خەڵک دەرفەت و ئیمکانی یەکسان و بەرفراوانیان بۆ دەڕەخسێت بۆ ئەوەی لێهاتوویی و تواناییەکانی خۆیان وەکوو تاک گەشە پێ بدەن.
لە نیزامی کۆمەڵایەتیی سۆسیالیستیدا، پێشکەوتنی زانست و تێکنۆلۆژی ئیمکانی هێنانەخوارەوەی سەعاتی کار و بردنەسەرەوەی سەعاتی فەراغەت و بێکاری دابین دەکات. لە کۆمەڵگەی سۆسیالیستیدا نابەرابەری و هەڵاواردنەکانی وەک ستەم دژبە ژنان و ستەمی نەتەوەیی و مەزهەبی ڕێشەکێش دەکرێن. هەڵاواردنی جنسیەتی و بەرچاوتەنگیی نەتەوەیی و ڕەگەزی جێگای خۆی دەدا بە هاوپشتیی ئینسانەکان. سۆسیالیسم کۆتایی بە کارەساتەکانی ژینگە دێنێت کە ئەمنییەت و ئاسایشی مرۆڤەکانیانیان خستووەتە مەترسییەوە و کەڵک وەرگرتنی عەقڵانی لە سرووشت دەکاتە پێوەری سەرەکیی پێشکەوتن و گەشەی خۆی. دامەزراندنی وەها کۆمەڵگەیەک، خەیاڵبافی و ئاوات و ئارەزوو نییە. بەڵکوو حەرەکەتێکە لە ڕەوتی گۆڕانکاریی مادیی مێژووی مرۆڤدا. هێزە کۆمەڵایەتییەکەی لە قامەتی ناڕەزایەتی و مانگرتنی شکۆداری کرێکاران، ناڕەزایەتی و ئاخێزی بێبەشانی شار و ژنانی ئازادیخوازدا بوونی هەیە و ئیمکاناتی ماددیی وەدیهێنانی وەها کۆمەڵگەیەک بەردەستن. بەڵام بۆ بەهێزکردنی سازماندانی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە، بۆ بەرپاکردنی بزووتنەوەی شۆرایی و بۆ دامەزراندنی سۆسیالیزم، پێویستە قۆڵی لێ هەڵماڵین.