فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەرەسەندنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر، مزگێنیدەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی
شەممە ۰۷-۰۸-۱۴۰۱   |  29-10-2022
پەرەسەندنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر، مزگێنیدەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی

لە چلەمین ڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی مەهسا (ژینا) ئەمینی ڕەوتی ناڕەزایەتیی سەرانسەری لە کوردستان و باقیی شارەکانی ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێوە. پانتایی سەرانسەری و پەرەسەندن و گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی مانگی خەزەڵوەر سەرانی ڕێژیمی زیاتر لە ڕابردوو سەراسیمە و نیگەران کردووە. چل ڕۆژ ناڕەزایەتیی بەردەوام و لێبڕاوانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، خوێندکاران، کرێکاران، مامۆستایان  و باقیی توێژەکانی کۆمەڵ، لەسەر شەقامەکان  لە گەڕەک و کۆڵانەکانی سەرانسەری ئێران، ڕێبەرانی کردەوەیی و مەیدانیی ئەم ناڕەزایەتییانەی  پوختەتر و بەئەزموونتر و تواناتر کردووە. لەم ماوەیەدا شک و گومانی بەشێکی زۆر لە جەماوەر لەئاست بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان ڕەویوە و بە ڕیزی ئەم خەباتە دژبە کۆماری ئیسلامی پەیوەست بوون. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لەماوەی چل ڕۆژی ڕابردوودا دڕندەیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، هێزی ئەمنییەتی و لیباس شەخسی و بەسیجییەکان زیاتر بووە و بەردەوام ناڕازییانیان کوشتووە و دەستبەسەر و زیندانی و ئەشکەنجەیان کردوون. هەروەها درۆنانەوەی سەرانی حکوومەتی ئیسلامی، گوشاری دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم بۆسەر  بنەماڵەی گیان بەختکردووان و ناوەندەکانی “پزیشکی قانوونی” بۆ  داپۆشینی کوشتار، ڕادەست نەکردنی تەرمی قوربانییان بە بنەماڵەکانیان، ڕفاندن و ناشتنی بەنهێنیی تەرمەکان و وتەی بێناوەرۆک و ناتەبای بەرپرسانی ڕێژیم بۆ پاساوکردنی ئەم جینایەتانە، ڕسوایی و داماویی ڕێژیمی ئیسلامیی زیاتر لە ڕابردوو دەرخستووە.

 چلەمین ڕۆژی مەرگی ژینا وەها ئاڵوگۆڕێکی لە ناڕەزایەتییەکاندا بە ڕوونی نیشان دا. ڕۆژی چوارشەممە ٤ی مانگی خەزەڵوەر گەورەترین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شاری سەقز لەسەر گڵکۆی “ژینا” ئەمینی بەڕێوەچوو. سەرەڕای هەڕەشە و سنووردارکردنی  هاتوچۆ بۆ ئەم شارە و توندکردنەوەی کەشوهەوای ئەمنییەتی، لە دوو ڕۆژ پێشترەوە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێرانەوە بۆ بەشداری لە ناڕەزایەتی دژبە حکوومەتی ئیسلامی و بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی ژینای ئازیز ڕەوانەی شاری سەقز بوون. هەوڵی چەند ڕۆژەی دەزگا ئەمنییەتییەکان و گوشار خستنە سەر ئەندامانی بنەماڵەی ژینا بۆ دەرکردنی ڕاگەیاندن و وتووێژکردن لەگەڵ تەلەڤیزیۆنە حکوومەتییەکان بەمەبەستیی دژایەتی کردنیان لەگەڵ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ڕۆژی چوارشەممە، بەرەوڕووی دیواری موقاومەت و موخالفەتی ئەم بنەماڵە داغدار و سەرەفرازە بووەوە. ڕۆژی چوارشەممە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم  ڕژانە بەر دەرگای ماڵی ژینا و ڕێگەیان نەدا باوک و دایک و براکەی لە ڕێوڕەسمی چلەمین ڕۆژی لەدەستدانی جگەرگۆشەکەیاندا بەشداری بکەن. بە خەیاڵی خاوی خۆیان لایان وابوو ئەگەر ئەوان بەشداری نەکەن، خەڵکی ناڕازیش لە بەشداریکردن لەم ڕێوڕەسمە پاشگەز دەبن. بەڵام سەرەڕای گرتن و کۆنتڕۆڵکردنی هەموو ڕێگاکانی سەربە گۆڕستانی “ئایچی” لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم، هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی و خەباتکار  خۆیان گەیاندە سەر گڵکۆی “ژینا”ی ئازیز تا پێی بڵێن “ئاگرێک کە بە چەخماخەی مەرگی تۆ داگیرسا، ئێستا لە کوردستان تێپەڕیوە و سەرانسەری ئێران و جیهانی داگرتووە و هەتا ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە دژی ژن و دژی ئینسانە خامۆش نابێت”. بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شکۆداری چلەمین ڕۆژی مەرگی ژینا بە خوێندنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە و بە وتنەوەی دروشم لەدژی ڕێژیمی ئیسلامیی قاتڵی ژینای ئەمینی و باقیی “مەهسا”کان لە سەرانسەری ئێران، زەنگی دەستپێکی قۆناغێکی دیکەیە لە خەباتی سەرانسەری و شۆڕشگێڕانە لە ئێران. ئەگەرچی لەم ماوەیەدا بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان بەداخەوە زیاتر لە ٢٥٠ کەس کە ٣٦یان منداڵ بوون بە تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوانی سەرکوتگەری ڕێژیم گیانیان بەخت کردووە و هەزاران کەس برینداربوون و زیاتر لە ١٣ هەزار کەسیش دەستبەسەرکراون و کەوتوونە ژێر ئەشکەنجە، بەڵام ئەم سەرکوتگەرییە خوێناوییە، ئاگری ڕق و تووڕەیی جەماوەری خەڵکی لەئاست ئەم ڕێژیمە جینایەتکارە زیاتر گەشاندووەتەوە.

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ناڕەزایەتیی سەرانسەری و بەرینی چلەمین ڕۆژی مەرگی ژینا ئەمینی کە لەسەر بانگەوازی کۆمیتەی لاوانی شۆڕشگێڕ و گرووپ و ناوەندگەلی سیاسی، کەلتووری، خوێندکاری، کرێکاری و کۆمەڵایەتی لە کوردستان و لە سەرانسەری ئێران و بەتایبەت لە سەقز بەڕێوەچوو، هاوئاهەنگیی ڕێبەرانی کردەوەیی لەئاستی سەرانسەریدا بوو. لەئێستادا بەشداریی ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک لە ناڕەزایەتییەکانی سەرانسەری ئێراندا دەبیندرێت. ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکارانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری بە ڕیزی مانگرتن و ناڕەزایەتی پەیوەست بوون. لە پتر  لە ١٠٠ زانکۆ ناڕەزایەتیی پڕگوڕوتینی خوێندکاران لەئارادایە و حزووری پڕخرۆشی خەڵکی خەباتکاری کوردستان بەتایبەت لاوانی شۆڕشگێڕ بە پێشەنگایەتیی ژنان لەم ئاخێزە سەرانسەرییە و بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ  هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم، ئاسۆیەکی ڕوونتری لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری  ئیسلامی دەرخستووە.

بەڵام ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە هێشتا بە مانای ڕاستەقینە جەماوەری نەبووەتەوە. هێشتا ملیۆنان کەس لە ژنان و پیاوانی گەڕەکە پڕ جەمعییەتەکانی حاشیەی شارەکان پەیوەستی نەبوون. هێشتا کرێکاران و باقیی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە لە زەرفی تەشکیلاتیی وەک شۆرا و کۆمیتە و ناوەندەکانی شوێنی کار و ژیانی خۆیاندا سازمان نەدراون. ئەگەرچی هێندێک لە ناوەندە  کرێکارییەکان بە مانگرتن و بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە ڕاگەیاندووە، بەڵام کرێکاران هێشتا وەک چینێکی کۆمەڵایەتی نەهاتوونەتە مەیدان تا بە چەکی مانگرتنی سەرانسەری چەرخی بەرهەمهێنان ڕابگرن و ماشێنی سەرکوتی دەسەڵاتی سەرمایەی ئیسلامی لەکار بخەن.

لە وەها بارودۆخێکدا بۆ بەرەوپێشچوون و هیدایەتی خەبات لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەریی کرێکاران،  ژنان، مامۆستایان و خوێندکاران، پەرستاران و خانەنشینان بووەتە زەروورەتێکی سیاسی و خەباتکارانە. ئەم ڕێکخراو و شۆرایانە لە بارودۆخی ئێستادا دەتوانن ببنە ئۆرگانی ڕێبەری و هیدایەتکردنی ناڕەزایەتییەکان و لەگەڵ لاوازبوونی زیاتری دەسەڵاتی ڕێژیم  و لەگەڵ هەر بۆشاییەک کە لە ئیدارە و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەدا پێش دێت دەتوانن وەک ئۆرگانی مودیریەت و ئیدارەی کۆمەڵگە دەورونەخشیان بێت. پێکهاتنی ڕێکخراو و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەری لەوانە شۆراکان مانعی ئەوە دەبێت کە کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکدا بڕووخێت. پێویستە لەسەر ڕووخاوەکانی دەسەڵاتی سەرمایەی ئیسلامی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خوشبژێو و یەکسان بەرپا بکرێت. بێگومان هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی پێشڕەو و شۆڕشگێڕ هەموو توانای خۆیان بەکار دێنن بۆ دابینکردنی ئەم پێداویستییانە تا حکوومەتی سەرمایەداریی ئیسلامی لەڕێگەی ڕاپەڕینێکی سەرکەوتووانەوە بڕووخێت.

تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co