فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

“کلینیکی تەرکی بێ حیجابی”؛ حیجاب، سەنگەری ستراتێژیکی نیزامی ئیسلامی تێکدەشکێت
سێشەممە ۰۶-۰۹-۱۴۰۳   |  26-11-2024

لە سەروبەندی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان، ڕۆژی  شەممە ٣ی مانگی سەرماوەز، زارا بێهرووز ئازەر جێگری مەسعوود پزیشکیان بۆ کاروباری ژنان و بنەماڵە، نەبوونی پەیوەندیی دەوڵەتی لەگەڵ تەرحی تازەی “ستادی ئەمری بە مەعڕووف و نەهی لە مونکەر” لەژێرناوی “کلینیکی تەرکی بێ حیجابی” ڕاگەیاند. ناوبراو لەوەش واوەتر چوو و وتی ئەم تەرحە لەلایەن هێندێک کەس و گرووپەوە بە ئامانجی شەڕی دەروونی گەڵاڵە کراوە و ئامانجیان کەمکردنەوەی متمانەی خەڵک بە دەوڵەتە. لێدوانەکانی جێگری کاروباری ژنانی کابینەی پزیشکیان لە کاتکێدایە کە ڕۆژی شەممە ٢٦ی مانگی خەزەڵوەر، ڕۆژنامەی ئیعتماد لە ڕاپۆرتێکدا نووسیی: “مێهری دارستانی، سەرۆکی ئیدارەی ژنانی “ستادی ئەمری بە مەعڕووف و نەهی لە مونکەر” وەک بەرپرسی تەرحی “دروستکردنی کلینیکی تەرکی بێ حیجابی” وتبووی، لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٣دا، بڕی ١٥٥ ملیارد تمەن لە “بوودجەی گشتی” و ١٠٠ ملیارد تمەن لە “بوودجەی خسووسی” بۆ ئەم تەرحە تەرخان کراوە.  کەوابوو ئەوە نەک “هێندێک کەس و گرووپ” بەڵکوو خاوەنی تەرحی دروستکردنی “کلینیکی تەرکی بێ حیجابی” سەرۆکی ناوەندێکی گرینگی ئیدئولۆژیی حکوومەتی ئیسلامییە کە دەسەڵاتی جێبەجێ کردنی زۆر لە کابینەی تەداروکاتچی پزیشکیان زیاترە.

ئەم تەرحە کۆنەپەرستانە و دژەژنە کە بە وتەی بەرپرسانی، سەرچاوەگرتوو لە عەقڵیەتی بەکۆمەڵی ستادی “ئەمری بە مەعڕووف و نەهی لە مۆنکەر”ی کۆماری ئیسلامییە، دەستبەجێ لەگەڵ کاردانەوەی چالاکانی مافی ژن و باقیی ناوەندە مەدەنی و پزیشکییەکان بەرەوڕوو بووەوە. هێندێک لە پزیشکان و دەروونناسان ڕایانگەیاند کە کە بەکارهێنانی وشەی “کلینیک و دەرمان” بۆ ئەم تەرحە، کەڵکی نابەجێ وەرگرتنی حکوومەت لە زانستە. ناڕەزایەتیی بەرینی ژنان و چالاکانی مافی مرۆڤ بەم گەڵاڵە ئەمنیەتییەی ڕژیم، بووە بەهۆی ئەوەیکە بەرپرسانی کۆنەپەرستی ستادی ئەمری بە مەعڕووف و نەهی لە مونکەر بە لێدوانی ناتەبا دەست بکەن بە پاساوکردنی. لەم بارەوە مێهری دارستانی وتی کە دوای لێکۆڵینەوەی تایبەت و کۆبوونەوەی کارناسی، بڕیار درا کە یەکەمین کلینیکی تایبەت بە موشاورە و پشتیوانی لە ژنان لەژێرناوی “کلینیکی تەرکی بێ حیجابی” لە تاران دروست بکرێت. محەممەد ڕەزا میر شەمسی، جێگری کاروباری کۆمەڵایەتیی ستادی “ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر”یش وتی کە ئەم تەرحە جێگای “حوکمی جەریمە”ی ئەو هاووڵاتییانە دەگرێتەوە کە دەست دەدەنە کردەوەی نایاسایی لابردنی حیجاب. ناڕەزایەتیی بەرین دژبە ناوی کلینیکی تەرکی بێ حیجابی بوو بەهۆی ئەوەیکە بەرپرسانی پەیوەندیدار ناوی دیکەی وەک “کلینیکی جوانیی کۆمەڵایەتی”، “مەحفەلی تەرکی بێ حیجابی” و هیتر بەکار بێنن و زەمینەی پاشەکشەکردن لەم تەرحە بۆخۆیان فەراهەم بکەن. ستادی خورافیی ئەمری بە مەعڕووف و نەهی لە مونکەری ڕژیم لای وابوو دەتوانێ بەم تەرحە وەها تەسەورێک لە کۆمەڵگادا جێ بخا کە گۆیا ئەو ژنانەی یاسای حکوومەتی ئیسلامی و حیجابی ئیجباری دەخە ژێر پێ لە بواری دەروونییەوە نەخۆشن و دەبێ لە کلینیکی تەرکی بێ حیجابی موداوا بکرێن. بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ ژمارەی ئەو ژنانەی لەئاستی کۆمەڵگادا حیجاب لەسەر ناکەن یەکجار زیاتر لەو ژنانەیە کە بە هەر دەلیلێک تەمکینیان پێ کردووە. لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخواز بە عەزم و ئیرادەی خۆیان لە حیجاب و یاسا و حوکمی کۆنەپەرستانە و دژەژنی حکوومەتی ئیسلامی تێپەڕین. هەر بۆیە تەرحی ئەمنیەتیی “کلینیکی تەرکی بێ حیجابی”شیان دەستبەجێ تووشی شکست کرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە عەلی خامنەیی ماوەیەک لەوەپێش لە پێگەی ولایەت و مەرجەعی تەقلیددا بۆ جارێکی تر دووپاتی کردەوە کە: “حیجاب حوکمی ڕەوای شەرعی و سیاسییە و نابێ پشتگوێ بخرێت. لابردنی حیجاب سەرەتای کارە. ئامانجی دوژمن گەڕاندنەوەی فەزا بۆ بەر لە ئینقلابە. بەپێی ڕاپۆرتی جێگای متمانە کە بەدەستمان گەیشتووە دوژمن ژمارەیەکی بەکرێ گرتووە تا هەرج و مەرج دروست بکەن و حورمەتی حیجاب بشکێنن”. هەڵبەت خامنەیی ئاگادارە کە گەڵاڵەی دژەژنی حیجاب و عیفاف دوو ساڵ لە نێوان دەوڵەت و مەجلیس و شۆرای نیگەهبان و مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتدا دەست بە دەستی پێدەکرا تا سەرەنجام پەسندکرا.  بەڵام هێستاش نە دەوڵەتی پزیشکیان و نە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ناوێرن ئەم یاسایە بەڕێوەبەرن. پزیشکیان لە ترسی سەرهەڵدانی ئاخێزی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری و بەهۆی دڵسۆزیی بۆ حکوومەتی ئیسلامی مانگی ڕەزبەری ڕابردوو وتی: “گرتنەبەری شێوازی تەنگ نەزەرانە و ڕەفتاری سەلبی، هەزینەتاشین بۆ نیزامە. هیچ زوڵمێک لەوە گەورەتر نییە کە ڕەفتاری هەڵە بە زۆر لە کۆمەڵگادا جێبەجێ بکرێ”. مۆهاجرانی وتەبێژی دەوڵەتیش سەبارەت بە گەڵاڵەی حیجاب و عیفات ڕایگەیاند کە “بە زۆر ناکرێ مەسەلەی فەرهەنگی جێبخەی”. برووجێردیی ئیسلاح تەڵەب و شارەزای فێقهی سیاسیش لەمبارەوە وتی “حکوومەت دەبێ بەو دەرکە بگات کە مەسەلەی حیجاب بە دڵی هەموو خەڵک نییە و ئاکامی ئەم جۆرە یاسایانە تەنیا قەبووڵ نەکران و بەڕێوەنەچوونی لەلایەن خەڵکەوە دەبێت”. تەنانەت ئەگەر پێکهاتەی سیاسیش بیهەوێ ناتوانێ ئەو کارە بکات چونکە کۆمەڵگا بە شێوازی خۆی هەڵسوکەوت دەکات.”

بەڵام پێداگریی خامنەیی و باقیی ئاخوند و ئوسوولگەرا وشک مێشکەکان لەم پەیوەندییەدا بێهۆ نییە. ئەوانیش دەزانن کە ٤٥ ساڵە حکوومەتی ئیسلامی بەوپەڕی دڕندەییەوە بۆ داسەپاندنی حیجاب ئەم هێمایەی کۆیلەتی، ژنانی خستووەتە ژێر فشارەوە. دەزانن کە سەرەڕای بوودجەیەکی بەرین کە لەم بوارەدا بەفیڕۆیان داوە، سەرەڕای کوشتن و ئەشکەنجە و زیندانی کردنی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان، سەرەڕای ئەو یاسا و بەربەستە کۆمەڵایەتییانەی کە بۆ ژنانیان پێکهێناوە نەیانتوانیوە ژنان و کۆمەڵگا بەگشتی بۆ قۆناغی بەر لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بگەڕێننەوە. خامنەیی و ڕێبەرانی دیکەی ڕژیم دەزانن کە کێشەی ژنانی خەباتکار، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش نەتەنیا حیجاب بەڵکوو گشت کۆماری ئیسلامییە. هەروەک بۆخۆیان دانی پێدا دەنێن: “حیجاب سەنگەری ستراتێژیکی نیزامی ئیسلامییە، ئەگەر سەنگەری حیجاب ڕادەست بکەین، دوژمن باقیی سەنگەرەکانیش دەگرێتەوە”. بەڵام لەڕاستیدا سەنگەری حیجاب دەمێکە فەتح کراوە، تەمەنی ئەم حکوومەتە تاوانکارە دەمێکە کۆتایی هاتووە و مەجبوورە هەموو سەنگەرەکان تەسلیمی خاوەنانی ڕاستەقینەیان بکاتەوە.