ئامانجی ئێمە کۆمۆنیستەکان لە ڕۆشنگەری و تەبلیغ دژبە مەزهەب، سڕینەوەی وەهم و باوەڕی مەزهەبیی جەماوەری خەڵک و باوکردن و پەرەپێدانی سۆسیالیسمی زانستی لەناو کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا دایە. گەشەپێدانی سۆسیالیسمی زانستی لەناو کرێکاران و بەشی هەرچی بەرینتری جەماوەری خەڵک، ئەرکی هەمیشەیی ئێمە کۆمۆنیستەکانە.
مەزهەب لە کۆمەڵگای چینایەتیی ئەمڕۆدا، لە هەمان حاڵدا کە باوەڕی جەمارێکی بەرین لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش پێک دێنێت، ئامرازێکە لەدەست بورژوازی و دەوڵەتەکەیدا بۆ بەرەودوابردنی خەڵک و درێژەی دەسەڵاتی نیزامی سەرمایەداری. مەزھەب بە درێژایی مێژوو رنگدانەوەی بێ ھیوایی و بێ توانایی جەماوەری خەڵک بووە لەدەست و پەنجە نەرم کردنیان لەگەڵ کۆسپ و بەربەستەکانی سەر رێی ژیانیان. ئینسانێک کە دیلی موناسباتی نیزامی سەرمایەدارییە و بە تەنیایی ناتوانێ بارودۆخی ژیانی خۆی بگۆڕێ و لە بەرانبەر رەنج و ئازارێکدا کە خۆی و بنەماڵەکەی گیرۆدەین، ھیچی لەدەست نایەت، کاتێک کە خۆی لاواز و داماو دەبینێ بە ناچاری روو دەکاتە ئاسمان، بەو ھیوایەی کە ھێزێکی بەتواناتر لەخۆی دەرکەوێت و رزگاری بکات. کاتێک لە دنیای راستەقینەدا ھیچ ھیوایەک بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی نامێنێتەوە، ئاوات دەخوازێ بۆ گەیشتن بە ھیوا و ھومێدەکانی دوای مردن سەرلەنوێ زیندوبیتەوە، و بە ئاواتی گەیشتن بە رێفاە و خۆشبەختی لە دنیای خەیاڵی دوای مردندا، رەنج و ئازارەکانی دنیای راستەقینە تەحەمول دەکات.
ڕزگاریی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە چنگ ئەم وەهم و خورافەیە بە ڕۆشنگەری و شیکردنەوەی زانستیی بابەتەکانی جیهان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا دێتەدێ، بەڵام ئەم ڕزگارییە لە پانتایی کۆمەڵایەتیدا کاتێک مەیسەر دەێت کە باروودۆخی ژیانی مرۆڤ بگۆڕدرێت و ئەو هێزە سرووشتی و کۆمەڵایەتییانەی کە مرۆڤ لە ترسانیان پەنا بۆ وەهم و خورافە و مەزهەب دەبات، بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی چینی کرێکار و بیری مرۆڤی پێشکەوتووخوازەوە. بە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار و لەناوچوونی نیزامی سەرمایەداری، ڕێگای ڕزگاری لە زیندانێک کە توانای ئاڵوگۆڕبەخشی ئینسان تێیدا بە بەند کێشراوە ئامادە دەبێت. کەوابوو ئەرکی ئێمە دابین کردنی پێداویستییەکانی شۆڕشی کرێکارییە. بێگومان ڕوون کردنەوەی زانستیی بابەتەکانی جیهانی ئەمڕۆ لەناو کرێکاران و سڕینەوەی پاشماوەکانی بیری مەزهەبی لەناو بیر و مێشکیاندا و نیشاندانی ئەم واقعییەتە کە مەزهەب زنجیری دیلیەتییەکی دیکەیە بە دەست و پێی کرێکارانەوە، بەشێک لە هەوڵ بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی شۆڕشی کرێکارییە.
هەربۆیە دانە بەر ڕەخنە و ڕوونکردنەوەی مەزهەب و دین وەک ئیدێئۆلۆژیی ئیدێئالیستی سەرچاوەگرتوو لە جەهل و خورافە، بەدەر لەوەیکە دەورونەخش و کاریگەریی سیاسی ئەم ئیدێئۆلۆژییە لەسەر ئەم یان ئەو قۆناغی خەباتی چینایەتی تا چ ڕادەیەک بێت، بەشێک لە خەباتی ئێمەیە بۆ پەرەپێدانی سۆسیالیسمی زانستی. لەبەر ئەوەیکە دین تێگەیشتنی بەراوەژووی جیهانە و ڕەخنەگرتن لێی، لەخۆنامۆبوونی دینی ئاشکرا دەکات و نیشانی دەدات کە ئینسان خوڵقێنەری دینە نەک دین خوڵقێنەری ئینسان. کەوابوو هیچ مەسڵەحەتێکی سیاسی یان تاکیتیکی ناتوانێ و نابێ ببێتە هۆی خۆبەدوور گرتن لە ئەنجامدان و بەداهاتوو سپاردنی ئەم ئەرکە. بەڵام سەرەڕای ئەم ئامانجە گشتییە، کە زەروورەتی بەرەنگاربوونەوەی هەمیشەیی لەگەڵ هەر بیروباوەڕێکی دینی دەخوڵقێنێت، هەڵسووکەوتی کۆمۆنیستەکان لەگەڵ مەزهەب ئامانجی سیاسییەکی دیاریکراویشی لە پێوەند لەگەڵ بەرژەوەندی چینی کرێکار و ئامانجە سیاسییەکەی لە خەباتی چینایەتیدا لەپشتە. ئەو ئامانجە کە نیشانەی خەسڵەتی سیاسیی ڕەخنەی سۆسیالیستیی مەزهەب و لەم ڕوانگەوە نیشانەی جیاوازیی ئێمەیە لەگەڵ ئاتێئیسمی بورژوازی، بریتییە لە: “لاواز و ناکاریگەر کردنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی مەزهەب وەک ئامرازی فریو و بەرەودواوە بردن و سەرچاوەی ناکۆکی نانەوە لەناو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش”.
بە واتایەکی تر لە ڕوانگەی سیاسییەوە، کۆمۆنیستەکان هێزی بابەتی و کۆمەڵایەتیی مەزهەب، واتە ئەو ئۆرگانە تەبلیغاتییە کاریگەرەی کە بە هەموو کەرەستە و توانای کۆنەپەرستانەیەوە لە پەنا ئۆرگانەکانی سەرکوت خزمەت بە بورژوازی دەکات، بەشێوەی ڕاستەوخۆ دەکەنە ئامانج. تەبلیغاتی ئێمە لە دەوری خواستی دیاریکراوی “جیایی دین لە دەوڵەت” پێویستە بتوانێ ئامرازی سوننەتیی دووبەرەکی و خۆشباوەڕی نانەوە لەناو جەمار لە دەستی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان بێنێتە دەر و لەم بوارەدا بێ چەکیان بکات.
هەر لەم پێوەندەدا، جیایی دین لە دەوڵەت و خسووسی کردنی مەزهەب بۆ تاکەکان یەکێک لەو دووشم و داخوازییانەیە کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران خەباتی بۆ دەکات، بەڵام بێجگەلە ئێمە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیش بەدەر لەوەیکە لە داهاتوودا چەندە بەم بابەتە پێبەند دەمێننەوە، ئەم درووشمەیان بەرز کردووەتەوە. هەربۆیە لە تەبلیغ دژبە مەزهەب، ئەوەیکە هەڵوێستی ئێمە لە هەڵوێستی ڕەوتە بورژواییەکان جیا دەکاتەوە تەبلیغی جیایی دین لە دەوڵەت نییە، بەڵکوو لە هەمان حاڵدا دێژەی کاری ڕۆشنگەرانە دژبە جەهل و خورافەی مەزهەب و ئاشکرا کردنی ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مەزهەبە لە خزمەت کردنی بە نیزامی چینایەتیی سەرمایەداری و پشت بەستن بە دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتیی پێشکەوتنخوازە.
هەروەک ئاماژەمان پێدا کۆمۆنیستەکان بەردەوام خوازیاری “جیایی مەزهەب لە دەوڵەت” بوون. ئامانجی ئێمە لە گەڵاڵەکردنی ئەم خواستە، کە مانای دیاریکراوی لە بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیست و بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتدارییەتیی شۆرایی خەڵک لە کوردستان، بە وردی شی کراوەتەوە، بریتییە لەوەیکە نفووز و سوڵتەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مەزهەب هەرچی زیاتر پووچەڵ بکەینەوە و دەخاڵەتی لە ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک هەرچی زیاتر سنووردار بکەینەوە و بەستێن و باروودۆخێکی لەبار و گونجاوتر بۆ خەباتی ئیدێئۆلۆژیک دژبە جیهانبینیی مەزهەب دابین بکەین.
بەڵام هێندێک لە چەپەکان کە بەردەوام نیگەرانی ڕەنجاندنی جەماوەرن، جاروبارە ئەم درووشمەی کۆمۆنیستەکان لە مانا و ناوەرۆک دەخەن و بەکردەوە دەیکەنە ئامرازێک بۆ پاساوکردنی بیروباوەڕی خۆیان دەربارەی ڕۆڵ و ماهییەتی مەزهەب. ئەوان خواستی جیایی مەزهەب لە دەوڵەت بەشێوەی درووشمێکی بەرگرانە و مەسڵەحەت خوازانە کە گۆیا بە ئامانجی ڕاگەیاندنی پشتیوانیی کۆمۆنیستەکان لە مەزهەبی خسووسی و ڕەزایەت دان بە بیروباوەڕی مەزهەبیی کەسەکان و یان ڕاگەیاندنی بێ لایەنبوون سەبارەت بەم بیروباوەڕانەیە، بەکاری دێنن و لەناو جەماوەردا تەبلیغی بۆ دەکەن. تێئۆریسییەنەکانی کۆمۆنیست زۆر جار بەرامبەر بە وەها ڕوانگەیەک ڕایانگەیاندووە کە کۆمۆنیستەکان مەزهەب نەک لەپێوەند لەگەڵ خۆیان و حیزبی کۆمۆنیست، بەڵکوو نیسبەت بە دەوڵەت، بە بابەتێکی خسووسی دەزانن. ئەوان بە ڕوونی شییان کردووەتەوە کە تا ئەو جێگایەی کە بۆ پرۆلتاریا و حیزبەکەی دەگەڕێتەوە، کۆمۆنیستەکان ناتوانن و نابێ بە بەنیسبەت مەزهەب وەک بابەتێکی خسووسی ڕەزایەت بدەن یان تەنانەت لەم بارەوە بێ لایەن بن. ئەم هەڵوێستگیرییە واقعییە لەپێوەند لەگەڵ کۆمۆنیستەکانی ئێران کە پتر لە چل ساڵە دەسەڵاتێکی هاری مەزهەبی یەکێک لە پێگەکانی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە پێکهێناوە، سەد هێندە درووستە.
“جیایی دین لە دەوڵەت” دروشمێکە کە وێڕای نیشاندانی دژایەتیمان لەگەڵ مەزھەب وەک بابەتێکی دەوڵەتی، بەڵێنداریشمان سەبارەت بە ئەسڵی ئازادی بێ شەرت و مەرج دەردەبڕێت. واتە جەخت لەسەر ئەم بنەمایە دەکاتەوە کە چینی کرێکار چ وەک ئۆپۆزیسیۆن و چ دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی، حەتمەن لەگەڵ پەیڕەو کردنی ئیجبار و زۆر و پشکنینی بیروباوەڕ و پێكهێنانی ھەڵاواردن و بەربەستی یاسایی لە دژی کەسانی مەزھەبی دژایەتی دەکات و بۆ رەخنە و وەلانانی باوەڕ و بۆچوونی مەزھەبی لە کۆمەڵگادا، ھیچ رێوشوێنێک بێجگە لە خەباتی نەزەری، رۆشنگەری و ئاموزش و قەناعەت پێھێنان بە ڕەوا نازانێ. ئێمە مەزهەب، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەویکە سەربەخۆ لە دەوڵەت بێت یان نەبێت، بە ئەفیوونی جەماوەر و ئامرازی دواکەوتوویی ئەوان دەزانین و ئەگەر خوازیاری جیایی مەزهەب لە دەوڵەتین ڕێک بەو هۆکارەیە کە دەمانهەوێ گشت شێوازێکی ڕەسمی و یاسایی پەرەپێدانی ئەم ئەفیوونە لەناو کۆمەڵگادا بە یەکجاری هەڵوەشێنینەوە.
لە کۆتاییدا تەئکید دەکەینەوە کە ئێمە کۆمۆنیستەکان لە خەبات لەگەڵ مەزھەبدا قەت بێ رێزی بە بیر و باوەڕی خەڵک ناکەین، کاری ئێمە رۆشنگەری و شیکردنەوەی بە حەوسەلەی راستییەکان و روونکردنەوەی بە بەڵگەی جیهانبینی کۆمۆنیستی لە بەرانبەر دیاردەی مەزھەب دایە. چالاکی و خەباتی ئێمە دژبە مەزهەب نەتەنیا نابێ ڕیزی هاوپشتیی چینی کرێکار لەدژی سەرمایەداران لاواز بکات بەڵکوو ئەم ڕیزە چینایەتییە پێویستە بەهێز بکات.