فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گۆڕانی ئاراستەی دەوڵەتی سووریە، لە سایەی شکستی ستراتێژی “شەڕی پێشگرانە”دا
سێشەممە ۰۱-۰۸-۱۴۰۳   |  22-10-2024

لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سووریە لەئاست جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە و شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵا هەڵوێستێکی ناچالاک و تا ڕادەیەک بێ لایەنی لە خۆی نیشان داوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕژیمی دەسەڵاتدار لەم وڵاتە چ لە سەردەمی حافز ئەسەد و چ لە سەردەمی بەشار ئەسەددا خۆی بە پشتیوانی ئاواتی فەلەستین پێناسە کردووە و لە دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا ئیدیعای ڕێبەریی جیهانی عەرەبی کردووە. ئەوپەڕی نزیکایەتیی دیکتاتۆری دەوڵەتی ئەسەد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەپێچەوانەی دەوڵەتە عەرەبییەکانی دیکە، یارمەتی و هاوکاری لە جەریانی شەڕی کۆنەپەرستانەی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و لە سەرکوت و کوشتاری زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە خەڵکی سووریە لە جەریانی ئاخێزە جەماوەرییەکان لەماوەی زیاتر لە یەک دەیەی ڕابردوودا بوو. کوشتار و سەرکوتێک کە بە بەشداری و پشتیوانیی دەوڵەتی ڕووسیە بەڕێوەچوو و دەوڵەتی ئەسەدی لە ڕووخان دەرباز کرد. سووریە لە بواری ژئوپولیتیکییەوە پێگەیەکی گرینگی لە پێشخستنی ستراتێژی زێدەخوازانەی کۆماری ئیسلامی لە دەستڕاگەیشتنی بە لۆبنان و پێکهێنان و پڕچەک کردنی حیزبوڵڵادا هەبووە. بەم هۆکارە دەوڵەتی سووریە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بەردەوام لە یارمەتیی بێدەریغی دارایی و نەوتی بەخۆڕایی و باقیی خزمەتگوزارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەی دەسەڵاتەکەی بەهرەمەند بووە.

لە جەرگەی پەرەسەندنی ئاگری شەڕ و کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە و هێرش بۆسەر حیزبوڵڵای لۆبنان لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو و هەوڵی هێندێک لە دەوڵەتە دەوڵەمەندە عەرەبییەکان لەوانە عەربستانی سعوودی و ئیمارات بۆ بەرقەرارکردنی پەیوەندی دیپلۆماتک و گەڕاندنەوەی دەوڵەتی سووریە بۆ کۆڕی “یەکیەتیی وڵاتانی عەرەب” و دانی بەڵێنی یارمەتی دارایی بۆ نۆژنکردنەوەی سووریە، پێدەچێت بەشار ئەسەد لە سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی دوور کەوتبێتەوە. لەم ماوەیەدا دەوڵەتی بەشار ئەسەد هیچ پشتیوانی و هاوسۆزییەکی لەگەڵ حەماس و حیزبوڵڵا نیشان نەداوە. لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی سووریە ئیجازەی بەرێوەبردنی هیچ کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی و پشتیوانیکردنی لە خەڵکی فەلەستین و حیزبوڵڵا لە سووریە نەداوە. بەبۆنەی تیرۆری ئیسماعیل هەنییە لە تاران نەتەنیا پەیامی نەنارد بەڵکوو ڕێگەی بە حەشدی شەعبیش نەدا لە بەرزاییەکانی جۆلان بۆ هێرشی توڵەسەندنەوە دژبە ئیسرائیل کەڵک وەرگرن. بۆ کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا یار و هاوپەیمانی چوار دەیەی ڕابردووی لەگەڵ نیلفرووشان و ژمارەیەکی دیکە لە ڕێبەرانی حیزبوڵڵا، نەتەنیا ماتەمینی گشتیی ڕانەگەیاند بەڵکوو دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ تەنیا پەیامێکی سەرەخۆشیی نارد. ئەم هەڵوێستانەی سووریە و ئەوەیکە بۆ نەجاتدانی حیزبوڵڵا هیچ هەوڵێکی نەداوە، بووەتە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایەتیی کۆماری ئیسلامی. تا جێیەک کە عەباس عێراقچی لە سەفەرەکەی بۆ دیمەشق پەیامی نیگەرانی و ڕەخنەی عەلی خامنەیی گەیاندە بەشار ئەسەد. کۆماری ئیسلامی بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندی دێرینەی لەگەڵ حکوومەتی سووریە چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد کە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر حیزبوڵڵا ڕێگە بە هێزە نیابەتییەکانی “میحوەری موقاومەت” بدات تا لە جۆلانەوە بەرەیەک بەدژی ئیسرائیل چالاک بکەن.

بەڵام حکوومەتی سووریە نەک هەر ئەو داوایەی ڕەتکردەوە بەڵکوو لە مانگی ڕابردوودا چەندین بەربەستی دیکەشی بۆ حزوور و جموجۆڵی حیزبوڵڵا و سپای پاسداران و گروپە تیرۆریستییەکانی تری سەر بە کۆماری ئیسلامی لە سووریە پێکهێناوە. بۆ نموونە بەپێی ڕاپۆرتی سکای نیووزی عەرەبی ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەر، ماهیر ئەسەد برای بەشار ئەسەد و فەرماندەی لەشکری چوارەمی سووریە، فەرمانی بە هێزەکانی خۆی دا کە لە هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ دەست و پەیوەندەکانی حیزبوڵڵا و باقیی گرووپە میلیشیاکانی سەربە کۆماری ئیسلامی خۆببوێرن. هێزە ئەمنییەکانی سووریە لەم پەیوەندییەدا چەندین ئەفسەریان دەستگیر کردووە کە لە ئەنبارکردنی چەکی حیزبوڵڵا لە شاری “لازقیە” دەستیان هەبووە و ئەو ئەنبارانەیان ئاگر تێبەرداوە. بە میلیشیاکانی بەرزاییەکانی جۆلان و دەوروبەری سنووری ئیسرائیلیش فەرمان دراوە کە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەکەنە ئامانج و ئەو ناوچانە جێبهێڵن. ئەم فەرمانانە لە ڕێککەوتن لەگەڵ فەرماندەکانی هێزی ڕووسیە لە سووریە دەرکراوە و تەنانەت قەرارە واحیدێکی گەشتی هاوبەشی سووریە و ڕووسیە بۆ کۆنتڕۆڵی زیاتری ناوچە سنوورییەکان پێکبێت. لە هەنگاوێکی دیکەدا ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، هێزەکانی حکوومەتی سووریە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی مەزارگەی زەینەب لە دیمەشق دەستیان بەسەر دوو حەشارگەی چەکی حیزبوڵڵادا گرت. خەڵکی ستەملێکراوی سووریە سەبارەت بە حزووری هێزەکانی سپای پاسدران و حیزبوڵڵا و باقی ملیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بە ئەنبارکردنی چەک و کەرەستەی نیزامیی حیزبوڵڵا و سپای پاسداران لە ناو شارەکان نیگەرانییان دەربڕیوە. ئەم نیگەرانییە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی سووریە لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە یەکجار لاواز بووە و لەم ماوەیەدا نەیتوانیوە لە بەرامبەر بۆمبارانی بەردەوامی ئیسرائیلدا کاردانەوەیەک نیشان دات و لەخۆی دیفاع بکات.

لە ئاکامی شەڕ و قەیرانی قووڵی ئابووری، بارودۆخی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی سووریە هێندە فەلاکەتبارە کە ٩٠%ی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. هێستا زامی قووڵی شەڕی جەنایەتکارانەی هاوبەشی دەوڵەتی سووریە و کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە کە گشت ژێرخانەکانی سووریەی نابوود کرد، سارێرژ نەبووەتەوە. هێستا کاریگەریی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا بەردەوامە و هەژاری، برسیەتی و بێکاری ژیانی خەڵکی بەرەوڕووی مەترسیی جیددی کردووەتەوە. هێستا زیاتر لە ٦ ملیۆن کەس لە خەڵکی سووریە لە وڵاتانی دراوسێ ئوردن، تورکییە، عێراق، لوبنان و وڵاتانی تر ئاوارە و پەنابەرن و لە دۆخێکی نالەباردا دەژین و دوای ١٣ ساڵ ئاوارەیی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ سووریە. ئەم کارەساتانە و کوژرانی زیاتر لە ٦٠٠٠ کەس و برینداربوونی پتر لە یەک ملیۆن کەس، بەشێک لە کارنامەی هاوکاری و هاوپەیمانیی دەوڵەتانی دیکتاتۆر و تاوانکاری سووریە و کۆماری ئیسلامییە.

بەڵام گۆڕانی ئاراستەی دەوڵەتی سووریە و نزیک بوونەوەی لە دەوڵەتانی عەرەبی و دوور کەوتنەوەی لە کۆماری ئیسلامی، فاکتۆرێکی دیکەی شکستی ستراتێژی بەناو “هێرشی پێشگرانە”ی کۆماری ئیسلامییە کە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ستراتێژییە سەدان ملیارد دۆلاری لە بەرهەمی ڕەنج و کاری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران لە سووریە هەزینە کردووە و لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بە یارمەتیی بەرینی دارایی و بە پێدانی نەوتی بەخۆڕایی و بە بەشداریکردن لە کوشتار و سەرکوتی ناڕەزایەتیی خەڵکی ستەمدیدەی سووریە، لە ڕاگرتنی دەوڵەتی تاوانکاری بەشار ئەسەددا ڕۆڵێکی سەرەکیی بووە.