ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لە ڕۆژی خوێندکار نزیک دەبینەوە کە کۆمەڵگەی ئێران کەوتووەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە و بزووتنەوەی خوێندکاری پایەیەکی بەهێزی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بووە. لە ٢٨ی مانگی خەرمانان لە حاڵێکدا کە کوردستانی شۆڕشگێڕ دژبە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا ئەمینی مانگرتنی گشتیی تێکەڵ بە ناڕەزایەتیی شەقام کردبوو، خوێندکاران لەئاستێکی کەم وێنەدا لە زۆرێک لە زانکۆکانی ئێران بە دروشمی “لە کوردستانەوە تا تاران ستەم دەکرێ لە ژنان”، “لە کوردستانەوە تا تاران، خوێناوییە گشت ئێران”، “ژن، ژیان، ئازادی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ئەمە دوا پەیامە، ئامانج گشت نیزامە”، “مەرگ بۆ چەوسێنەر چ شا بێت و چ ڕێبەر”، “کرێکاری نەوتی ئێمە، ڕێبەری سەرسەختی ئێمە”، “ئێمە هەموومان مەهساین” زانکۆیان کردە مەیدانی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژبە گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. ئەم بزووتنەوەیە لەماوەی دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا بە دروشم و هەوڵی سەمبۆلیکی وەک فڕێدانی ڕووسەری و سووتاندن و بەرز کردنەوەی ئاڵای ئازادی و بەرابەریی ژن و پیاو و هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی، زانکۆیان کردووەتە یەکێک لە سەنگەرەکانی هێرش بۆسەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینی و بەرگری لە ئازادی.
بەڵام ئەم گۆڕانکارییە ڕادیکاڵە لەناو بزووتنەوەی خوێندکاری و پێشەنگ بوونی ژنان یەک شەوە ڕووی نەدا. بزووتنەوەی خوێندکاری مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی خەباتی شۆڕشگێڕانەی تێپەڕاندووە. لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی کاتێک کودتا دوایین سەنگەرەکانی موقاومەتی تێکدەشکاند، خوێندکاران دژبە دەوڵەتی کودتا ڕاپەڕین و قوربانییان دا. لە دەیەی ٤٠ و ٥٠دا بزووتنەوەی خوێندکاری بوو بە بەستێنی سەرهەڵدانی ئەو ڕەوتە چەپانەی کە ئەساسەن لە مەرزبەندی لەگەڵ جەریانی بورژوا رێفۆرمیستی حیزبی تودە پێکهاتبوون. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ و لە کێشمەکێشی نێوان شۆڕش و دژەشۆڕشدا، خوێندکاران زانکۆیان کرد بە گۆڕەپانی خەبات بەرامبەر بە دژەشۆڕشی ئیسلامی. کاتێک دژەشۆڕشی ئیسلامی لەڕێگەی “ئینقلابی فەرهەنگی” و کوشتارەوە سەنگەری موقاومەتی زانکۆیان گرتەوە، ئەمجارەیان خوێندکارانی خەباتکار لەژێر پێستی زەبروزەنگی پۆلیسیدا خۆیان بۆ نەبەردەکانی داهاتوو ئامادە کرد. لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ەوە کە ناڕەزایەتیی خوێندکاران لەئاست داخرانی ڕۆژنامەی “سەلام” دەستی پێکرد، هاودەستیی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لەگەڵ سپای پاسداران و بەیتی ڕەهبەری لە هێرشیان بۆ سەر خوێندکاران، بوو بە بەستێنی دابڕانی بەدەنەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و سازمانی تەحکیمی وەحدەت. لەو سەردەمەدا بەشی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاری بەخێرایی داخوازیی سیاسی و ڕادیکاڵی کردە سەرلەوحەی خەباتی خۆی و ئەم گۆڕانکارییە بوو بە بەستێنی بەهێزبوونی ئاراستەی چەپ و سۆسیالیستی لەناو بزووتنەوەی خوێندکاریی دوای “ئینقلابی فەرهەنگی”.
لە سەرەتاکانی دەیەی هەشتادا هاوکات لەگەڵ گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری ژمارهیهكی بهرین له خوێندكارانی چهپ و ڕادیكاڵی پێكهاتوو له ڕوانگهی جۆراوجۆری سیاسی لهو دهوره چهند ساڵهیهدا، له ڕێگهی بڵاوكراوهی خوێندكاری بو پشتیوانی لهگهڵ بزووتنهوهی كرێكاران و ژنان و ههروهها بهڕێوهبردن و بهشداری كردن له ڕێوڕهسمهكانی ئهوهڵی مانگی مهی و ٨ی مارس چالاكیان ئهنجام دا. بهڵام ئهم بزووتنهوه تازه پێگرتووه بههۆی كهش و ههوای پۆلیسی زاڵ بهسهر زانكۆ و له لایهكی دیكهشهوه بههۆی كهم ئهزموون بوون و كاری ههڵنهسهنگێندراو و چهند ههڵهیهكهوه، زۆر به خێرایی و پێش ئهوهیكه پێگهی جهماوهری له ناو بزووتنهوهی خوێندكاری بهدهست بێنێ، سهركوت كرا. بزووتنهوهی خوێندكاری له ئێران دوای سهركوتی گهرایشی چهپ و سۆسیالیستی له ناوهڕاستی دهیهی ٨٠دا، داخوازیهكانی هاتهوه چوارچێوهی موتالباتی سینفی. بزووتنهوهی خوێندكاری له بارودۆخێكدا كهوتبووه چوارچێوهی داخوازیه سینفیهكانهوه كه پێداویستیهكانی بهرهنگار بوونهوه لهگهڵ خسووسی سازی و كاڵایی كردنی ئامووزشی باڵا و تێكشكاندنی كهش و ههوای ئهمنیهتی زاڵ بهسهر زانكۆكان، له گرهوی ئهوه دابوو كه ئهو بزووتنهوهیه له خهباتی سینفی تێپهڕ بێت و خواستی سیاسی و دیموكراتیك بكاته ئاڵای خهباتهكهی.
خوێندکاران لە ئاخێزی سەرتاسەریی بەفرانباری ٩٦یش کە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە وشیاریی جەماوەردا پێکهێنا، چالاکانە بەشدارییان کرد. درووشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئۆسوولگەرا، ئیتر تەواوبوو ماجەرا” بەشی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاریی بەرەو ئاخیزە جەماوەرییەکان برد. ئاخێزی مانگی بەفرانبار بەم درووشمە و بەم ئاستە لە وشیارییەوە، کۆتایی زاڵبوونی وتاری ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتیی بەسەر کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگادا ڕاگەیاند. ئەوەش بەمانای تێپەڕین لەو بۆچوون و گوفتمان و ڕێگاچارانە بوو کە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لەبەردەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیان دادەنا. بەڵام کۆمەڵگا لە مانگی بەفرانباردا ڕانەوەستا و ئەم جارەیان لە خەزەڵوەری ٩٨دا بە ڕووحییەیەکی هێرشبەرانەترەوە هاتە مەیدان. خوێندکاران لەو حەوت ڕۆژەدا کە ئاخێزی جەماوەری ئێرانی لەرزاند، لەگەڵ بێبەشانی شاری هاوڕێ بوون، شان بە شانیان خوێنیان ڕژایە سەر سەنگفەڕشی شەقامەکان، و هاوڕێ لەگەڵیان بە بەند کێشران. خوێندکاران بە سەرکوتی خوێناویی ڕاپەڕینی مانگی خەزەڵوەر هیچکات چاوترسێن نەبوون. خامنەیی جەلاد لە پێنجەمین ڕۆژی ئاخێزی سەرانسەریی خەزەڵوەری ٩٨ دژبە بێبەشان و هەژارانی شار کە نە سەنگەریان بوو و نە چەک، ڕایگەیاند: “با دۆست و دوژمن ئەوە بزانێ کە ئێمە لە بواری نیزامی و سیاسی و ئەمنیەتییەوە پاشەکشەمان بە دوژمن کرد”. بەڵام خوێندکاران لە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزدا بە دەنگێکی ڕەساوە وڵامیان بەم هەڵیت و پڵیتانەی خامنەیی داوە و ڕایانگەیاند کە لە خوێنی گیان بەختکردووانی مانگی خەزەڵوەر خۆش نابن و ڕێگایان درێژە دەدەن. بەمجۆرە خوێندکاران نیشانیان دا لە نەبەردی هەژاران و بێبەشان دژبە خوێنڕێژانی سەرمایە، لە شەڕی نێوان هەژاری و سەروەت، لە شەڕی نێوان دیکتاتۆری و ئازادی، لە شەڕی نێوان هەڵاواردنی جنسیەتی و ڕزگاریی ژن، لە کام بەردا ڕاوەستاون.
لەماوەی دوو سێ ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای کاریگەرییەکانی قەیرانی کۆرۆنا لەسەر ڕەوتی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی و داخرانی زانکۆکان، هاوکات لەگەڵ گەشە و پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری لە حەوت تەپە، فولادی ئەهواز و ناوەندەکانی نەوت و پێترۆشیمی بەشی پێشڕەو و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاری بە بەڕێوەبردنی ئاکسیۆنی پشتیوانی، لەسەر ستراتێژی یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بێبەشانی کۆمەڵگە تەئکیدی کردووە. دروشمەکانی وەک “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین”، “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”، خوێندکار، کرێکار، مامۆستا، یەکگرتن، یەکگرتن”، خوێندکار وشیارە هاوڕێی کرێکارە” لە زانکۆکان بەڕوونی هەڵوێستی چینایەتیی سۆسیالیستیی بزووتنەوەی خوێندکارییان لەم قۆناغەدا نیشان داوە.
بزووتنەوەی خوێندکاری کە ئێستا زیاتر لە دوو مانگ و نیوە سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی، دەستبەسەرکردنی بەرین، دەرکردن و ئەمنییەتی کردنی فەزای زانکۆکان هەروا لەئاستێکی بەریندا بەرامبەر بە سەرکوتگەرانی ڕێژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی ڕاوەستاوە و بووەتە یەکێک لە سەنگەرەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، خاوەنی وەها مێژوویەکی پڕ لە شانازییە.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران